"هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بووەتە شۆڕشێکی بە کۆمەڵ"

هەڵمەتی “سێشەممەکان نا بۆ لەسێدارەدان” بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی هەوڵی داوە دژایەتی سزای لەسێدارەدان لە ئاستی تاکەکەسییەوە بۆ گۆڕەپانێکی کۆمەڵایەتی بەرز بکاتەوە و دەنگی ئەو زیندانیانە بگەیەنن کە ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ١٠٠ هەمین هەفتەی خۆیدا دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ئێستادا بەشداربووانی هەڵمەتەکە لە ٥٥ زیندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێکهاتوون، کە ڕەنگدانەوەی بەرزی یەکڕیزیی و توانای زاڵبوون بەسەر سنووردارییە ئەمنییە توندەکانە، بووەتە شۆڕشێکی بەکۆمەڵ کە توانیوویەتی سنووری جوگرافی و بەربەستەکانی زیندان ببەزێنێت و ببێتە وەڵامێک بۆ مەرجە تایبەتەکان و سزای لەسێدارەدان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەڵمەتەکە تیشک دەخاتە سەر دەرئەنجامە مرۆیی و یاسایی و سزای لەسێدارەدان، زیاتر لە چارەنووسی تاوانباران ڕەخنە لە سیستەمەکانی توندوتیژی دەسەڵات دەگرێت و داکۆکی لە مافە بنەڕەتییەکانی ژیان دەکات، ئەوەش نیشانی دەدات کە چۆن کرداری زیندانییەکان دەتوانێت ببێتە یەکێک لە کاریگەرترین شێوەکانی بەرهەڵستکاری دژی سیاسەتی تاوانکاری حکومەت.

 

باس لەوەشکراوە، بەشداربووانی هەڵمەتەکە لە ١٠٠ هەفتەدا بە مانگرتن لە خواردن و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سزای لەسێدارەدان وەستاونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، یەکگرتنی هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەتوانێت هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیی چارەسەرنەکراو.

 

جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی“سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەك ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.