لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کۆچبەران و قوربانیانی ڕێگای کۆچ ڕاگەیاندرا
دەزگایی لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، لەساڵی ٢٠٢٥دا، زیاتر لە ٣١ هەزار و ٤٥٥ کەس کۆچیان کردووە، ئەو ڕێژەیەش تەنها کەسانی سەرووی ١٨ ساڵ دەگرێتەوە.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆچبەران، دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کۆچبەران و قوربانیانی ڕێگای کۆچ و کار و چالاکییەکانی دەزگای لوتکەی خستەڕوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، باهۆز بەرزان، بەڕێوەبەری دەزگای لوتکە، ڕایگەیاند: کۆچکردن و ئاوارەبوونی هاوڵاتیان لە خاکی خۆیان بەروە وڵاتانی بیانی، بۆ خراپی گوزەران و بارودۆخی جەنگ، توندووتیژی، گۆڕانکارە ئابووری و ژینگەیەکان دەگەڕێتەوە، هەروەها لەم بارودۆخەدا پێویستە تەواوی لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ باشکردنی بارودۆخی کۆچبەران بکەن، دەزگای لوتکەش هەمیشە هەوڵی بۆ کاروچالاکی و گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ زێدی خۆیان داوە، بەردەوامیش بووە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی تەرمی هاوڵاتیان لە وڵاتانی دەرەوەدا، بۆیە داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار بارودۆخی هاوڵاتیان باشتربکەن تا ڕێگری لە کۆچکردن لە ناوچەکەدا بگرن یان هەوڵ بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران بدەن.
وتیشی: ئاماری ئەو کۆچبەرە عێراقی و کوردانەی کە داوای مافی پەنابەرییانکردووە لە وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها ئەو کۆچبەرانەی لە کۆچی نا یاسایی لە ڕووداوە جیاجیاکان بوونەتە قوربانی لە ساڵی ٢٠٢٥ دا، ٣١ هەزار و ٤٥٥ کەس بووە، گیان لەدەستدانیش ١٠کەس و نادیار دوو کەس بوون، هەبوونی ئەو ئامارانە بۆ کۆچبەرانی سەروو ١٨ ساڵ، لە ڕێگەی دەزگایی کۆچی نێودەوڵەتییەوە تۆمارکراوە.