جارێکی دیکە دارستانەکانی مەریوان ئاگری گرتەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە لەسەر یەک دارستانەکانی داربەڕووی مەریوان دەسووتێن، وێڕای هەوڵی ٢٤ کاتژمێری خەڵک و کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان، بەڵام کۆپتەرەکانی حکومەت ئاگرەکە چڕتر دەکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی پێنجشەممەوە، دارستانەکانی مەریوان گڕیان گرتووە و سەرەڕای داوای کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان و خەڵک بۆ دابینکردنی فریاگوزاری، حکوومەتی ئێران هیچی نەکردووە.

 

سەرەڕای هەوڵی خەڵک و ئەندامانی کۆمەڵە گەشتیارییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە هەندێک ناوچەدا جارێکی دیکە بە شێوەیەکی سەیر هەڵدەداتەوە، بە پێی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی چیای سەوز لە شاری مەریوان، جارێکی دیکە دارستانەکانی هەنجیران گڕیان گرتووە.

 

کۆمەڵەی سەوزی چیای مەریوان هەر لە یەکەم ڕۆژی ئاگرەکەوە داوای هاوکاری کرد و تەنیا کۆمەڵە ژینگەپارێزەکانی سنە، بانە، پاوە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە هاوکارییەکانی خۆیان نیشان دا.

 

حکوومەتی ئێران لە ڕووکەشدا ڕایگەیاندووە کە هاوکاری پێشکەش دەکات، بەڵام بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، کۆپتەرەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران نەک هەر ئاگرەکە ناکوژێننەوە، بەڵکو لە شوێنەکان بە کەمکردنەوەی بەرزی و دروستکردنی با، دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە، کە تەنانەت ژیانی چالاکوانانیش دەخاتە مەترسییەوە.

 

جگە لەوەش لە هەلومەرجێکی وەها ناهەمواردا چەندین چالاکی ژینگەپارێزی شاری مەریوان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، جگە لە نەبوونی ئامێر و ئیمکاناتی گونجاو، ئەو مینانەی لەم ناوچەیەدا دانراون، خێرایی فریاگوزارییەکانیان خاو کردووەتەوە.