ڕۆکسان محەمەد: یەپەژە نوێنەرایەتی ناسنامەی هەموو ژنێک دەکات
ڕۆکسان محەمەد، وتەبێژی یەپەژە دەڵێت: یەپەژە هێزێکە نوێنەرایەتی ناسنامەی هەموو ژنێک دەکات، خاوەنی هەلبژاردنێکی ڕۆحی و ویژدانی و سیستماتیکی لەناو کۆمەڵگەدایە، کە ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-ماوەیەکی زۆرە ژنان تووشی چەندین جۆری توندوتیژی بوون، سیستەمێکی گشتگیر هەیە کە لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی پیاوسالاری باڵادەست بونیاد نراوە، ناوەندەکانی دەسەڵات کە ژیان و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن، ژن وەک بوونەوەرێکی زیندوو یان وەک خاوەن ناسنامە و بوون ناناسن و پشتگوێیان دەخەن، ڕۆکسان محەمەد، وتەبێژی یەپەژە لەسەر ئەم بابەتە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
”ژنان بە ئامانج و زانست ە زانیاریەوە خۆیان چەکدار کرد و بوونە ناوەندی شۆڕش”
ڕۆکسان محەمەد ڕایگەیاند، کە پرسی ئازادی ژنان پرسێکی گشتییە ولە سووریا دوای ساڵانێک لە خەباتی ژنان و بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢، بوونی ژنان زیاتر دەرکەوتووە، ئەمەش بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەرکەوتووە، کە تەڤگەری ژنان ڕێگایەکی جیاوازی گرتۆتەبەر و زانست و پێگەی خۆیان لە سوپادا بەهێزتر کرد و ئەو بناغەیەیان ڕێکخست کە کۆمەڵگە لەسەری وەستابوو و بوو بە ناوەندی شۆڕش.
”ئەو قەیرانانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی دەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە هەموو بوارەکان”
ڕۆکسان محەمەد ڕایگەیاند، کە ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تووشی دەبن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی لایداوە و ژنانی لە هەموو کایەکان دوور خستووەتەوە، ئەگەر سەیری ئەم کۆمەڵگەیە و ئەم ژیانە بکەین، دەبێت لە ڕوانگەی ژنێکەوە سەیری بکەین، زۆرێک لە کێشەکانی جیهان کە بە قەیران پێناسە دەکرێن، وەک کەم ئاو، کێشەی ژینگەیی، شەڕ و کێشە ئابوورییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی وەدەرنانی مێژوویی ژنانەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژنان لە پێگەیەکی ناوازەدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە، چونکە چارەسەر و ڕوانگە سروشتیەکانیان جیاوازە و ئەوانەن کە کۆمەڵگە ڕێکدەخەن.
ڕۆکسان محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە ئەقڵیەتی ژنکوژی لە سووریا جێگیر بووە، ئەقڵیەتێک کە بوونی ژن پشتگوێ دەخات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناتوانن پۆستی حکومەتیان هەبێت یان لە بڕیارەکاندا قسەیان هەبێت، ڕژێمی ئێستا کێشەکانی ژنان بە شێوەیەکی سروشتی و زانستی چارەسەر ناکات.
”ژنان لە ڕێگەی خەباتی خۆیانەوە دیوارەکانی قەڵای دەسەڵات دەڕوخێنن”
ڕۆکسان محەمەد باسی لە خەبات و ڕێکخستنی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە ئامانجی سەرەکی گەڕاندنەوەی هەموو شتێکە بۆ سروشتی ڕەسەنی خۆی و وتی: لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەو بیرۆکەیەمان شکاند کە ژن مافی بڕیاردانی نییە یان بوونی نییە، ژنان سەرچاوەی سەرکەوتنی سیستەمەکەن چونکە هەموو شتێک شێواوە. سیستەم و سروشت، کۆمەڵگە، ئابووری، سوپا، هەموو شتێک لە واتای ڕاستەقینەی خۆی وەرگیراوە و لە ڕێگای خۆی لایداوە. بەڵام لەگەڵ ژندا، جارێکی دیکە سروشتی ژیانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان گۆڕیوە، ئێمە وەک ژن خۆمان ڕێکخستووە، لە زانستدا پەرەمان بەخۆمان داوە و سیمای ژنمان بونیاد ناوە، لە سایەی ژنۆلۆژی ژن هەموو شتێک دەگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی ڕاستەقینە، لە ڕاستیدا ژنان لە هەموو بوارەکاندا شۆڕشیان کردووە. ئەو خەباتەی تا ئەمڕۆ بەڕێوەمان بردووە، خەباتێکی گەورە بووە، بەڵام بەس نییە، تا زیاتر خەبات بکەین، زیاتر هێرشمان دەکرێتە سەر، دەوڵەت زۆر لەم خەباتە دەترسێت، سیستەمی دەسەڵات وەک قەڵایەک خۆی بونیاد ناوە و ژنان بە خەبات و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دیوارەکان دەشکێنن، کات نییە بۆ ڕاگرتنی خەبات، تا مرۆڤەکان هەناسە بدەن، خەبات بە هەموو شێوەکانیەوە بەردەوام دەبێت.
”هێرش و شەڕەکان سیستەم و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەنە ئامانج”
ڕۆکسان محەمەد جەختی لەوە کردەوە، کە شەڕ و سیستەمی دەسەڵات هێرش دەکاتە سەر ئەو سیستەمانەی کە ژن دروستی کردووە، هێرش دەکاتە سەر ئەو فەرهەنگەی ژن بونیادیان ناوە و هێرش دەکاتە سەر ناسنامەی ژن و ئەو کۆمەڵایەتییەی کە ژنان خۆیان ڕێکیان خستووە.
”یەپەژە نوێنەرایەتی نموونەیەک دەکات بۆ ژنان، کولتوورێکی ڕەوشتی، مرۆیی، کولتووری بوون و ناسنامە”
پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخستنەکانی ژنان ٢٦ی نیسان هەڵمەتێکی بۆ پشتیوانی بۆ یەپەژە دەستپێکرد. ئەم هەڵمەتە زۆر گرنگە چونکە پاڵپشتی کردنی یەپەژە تەنها بە فەرمی کردنی بوونی خۆی لە وەزارەتی بەرگری سووریا یان بەشداریکردنی ژنان لە دەستووری سووریادا نییە. یەپەژە نوێنەرایەتی نموونەیەک بۆ ژن و کولتوورێکی ڕەوشتی و کولتوورێکی مرۆی و کولتووری بوون و شوناس دەکات، هێزێکە تەنها لە سەدان و هەزاران کەس پێکهاتووە، هەروەها کۆمەڵگە و ڕێکخراو و سیستەمێکە کە پێویستە بە ڕوونی تێبگەین کە چۆن ناسنامەی ژنان لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکەین.، ئەمەش زۆر گرنگە و خەباتی ئێمە لەسەر ئەمە بونیاد نراوە.
”رێزگرتن و متمانە و قبوڵکردنی کۆمەڵگەکەمان گەورەترین سەرکەوتنە بۆ یەپەژە”
ڕۆکسان محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای یەکڕیزی و بەرزکردنەوەی خەباتی کرد و وتی: ئێمە هێزێکی ڕێکخراوین و کۆمەڵگەکەمان قبوڵیان کردووە و بەردەوامە لە پشتیوانیکردنمان، ئەمەش گەورەترین دەستکەوتی ئێمەیە، ڕێزی گەلەکەمان و ناوچەکەمان بەدەستهێناوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە لە پێناو دۆزی خۆمان و شەهیدان و گەلەکەماندا بوەستین، پێویستە دەسەڵاتمان لە سورویادا بناسرێت، کە ئەمەش مافێکی ڕەوایە، بۆ ئەوەی سووریایەکی دیموکراتیکی ڕاستەقینە بونیاد بنرێت، ئاشتی و سەقامگیری بەدی بهێنرێت، پێویستە ئەم دەسەڵاتە قبوڵ بکرێت و دانی پێدا بنرێت.