کۆنگرە ستار ماتەمینی بۆ هێڤی سلێمان شەهیدی ئازادی ڕێکخست

کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ماتەمینی بۆ هێڤی سلێمان، ئەندامی دەستەی کۆردیناسیۆنی ئەو ڕێکخراوە گرت، کە زیاتر لە سی ساڵ لە پێناو ئازادی و ڕێکخستنی ژنان تێکۆشانی کرد و تا کۆچی دوایی بە ئیرادەوە ڕووبەڕووی سەختییەکانی ئاوارەبوون بووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 شاری قامیشلۆ ماڵئاوایی لە هێڤی سلێمان، ئەندامی دەستەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی عەفرین-شەهبا کرد، کە دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکی قورس کۆچی دوایی کرد.

 

ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی یەکەم، هێڤی سلێمان، چالاکوان، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد، کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١، یەکەمین مامۆستای وانەبێژی زمانی کوردیبووە لە شاری حەلەب، هەروەها کەسایەتییەکی دیار بووە لە دامەزراندنی دامەزراوەی زمانی کوردیدا.

 

کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیندراوێکی ماتەمینی بۆ لەدەستدانی ئەندامەکەی، هێڤی سلێمان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی شەهیدبوونی هەڤاڵمان، هێڤی سلێمان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستارمان پێگەیشت، کۆچی دوایی ئەو زیانێکی گەورەیە بۆ خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وە بۆ خەباتی ئازادی ئێمەی ژنانیش، هەروەها بۆشایییەکی پڕ لە ئازارە بۆ گەلەکەمان لە عەفرین و حەلەب، کە زیاتر لە سی ساڵ بەردەوام خەباتی کردووە، وە بە ئیرادە و خۆبەخشییەکی بێوچان تایبەتمەندبووە.

 

ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی ستار دووپاتی کردەوە، کە هێڤی سلێمان ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی تا دڵنیابێت لەوەی هیچ ژنێک لە جیهاندا بە ژێردەستەیی یان ناڕێکخراوەیی نەمێنێتەوە، هەروەها هەموو وزەی خۆی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تەرخانکردووە، ڕاستەوخۆ بەشداری لە کۆمیتەی ئازادی جەستەیی کردووە و ساڵانێک بۆ ئەم ئامانجە خەباتی کردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێڤی سلێمان لە تەنیشت ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مایەوە، بەشداری لە مەشقەکانیدا دەکرد، هەروەها خەباتکارێکی ماندوو نەناس بوو بۆ ئازادی گەلەکەی و ڕێبەرەکەی، ئایدیالی ژنێکی شەڕڤان و کرێکار و دایکێکی فەزیلەت بەرجەستە بوو، کە بووەتە نموونەیەک بۆ هەموو ژنان.

 

کۆنگرەی ستار لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێڤی سلێمان بە ئامادەیی دەچووە هەموو شوێنێک کە پێویستی بە ڕێکخستن هەبوو، بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و خۆبەخشییەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکرد، سەرەڕای هەموو بارودۆخە سەختەکان لە کارەکانیدا ئەنجامی بەرجەستەی بەدەستهێنا، هاوکات مامۆستای زمانی کوردی بووە، بەشداری لە پەروەردەکردنی زۆرێک لە منداڵاندا کردووە و ڕۆحی نیشتمانپەروەرییان تێدا چاندووە.

 

هەروەها تاکێکی خوێندەوار بووە و زانیارییەکی زۆری لە بواری توێژینەوە و زانست و شیکاری سیاسیدا هەبووە، لە چەندین ئەکادیمیادا وانەی وتۆتەوە، بەشداری لە پەروەردەکردنی سەدان کەسدا کردووە و بووەتە نموونەیەک لە خەبات و پەروەردە و نیشتمانپەروەریدا.

 

کۆنگرەی ستار دووپاتی کردەوە، هێڤی سلێمان نموونەی ژنێکی دڵسۆز بووە کە هەرگیز درێغی نەدەکرد لە وەڵامدانەوەی بانگەوازی ڕێکخراوەکە، بە ئامادەیی و داهێنەرانە و خۆبەخشانە بۆ هەموو پۆستێک کە بۆی دیاریکرابوو، بەرجەستەی میراسی ژنانی شەڕڤانانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەتی لە عەفرین بوو، سەرەڕای هەموو بارودۆخ و ئاڵەنگاریەکانی لە قەناعەتەکانیدا چەسپاو بوو.

 

هێڤی سلێمان لە ژینگەیەکی کۆچبەری گەورە بووە، بە چاوی کراوە ڕووبەڕووی ئازارەکانی زێدی خۆی بووەتەوە، هێزی لەم ئەزموونە وەرگرت، بە ئیرادەیەکی نەگۆڕ لە دژی داگیرکاری بەردەوام بوو لە خەباتی خۆی، هەروەها لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرەوە هاتووە کە قوربانییەکی زۆریان لە پێناو ئازادیدا داوە و تا ئەمڕۆش بە خۆبەخشی و دڵسۆزی ناسراوە.

 

جەختیان لەوەکردەوە، هێڤی سلێمان کە سەر بە پێکهاتەی عەلەوی بووە، باوەڕی بە پێویستی ڕێکخستن و بەهێزکردنی ژنانی عەلەوی هەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان و بەشداری کارا لە خەباتدا، هەروەها ئەو بە هەموو دڵەوە هەستی بە ئازاری ژنان کرد، خەباتیشی بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسبوو کە ژنان لە ئازادی و سەربەخۆییدا بژین، هەڤاڵەکەمان بە باوەڕێکی نەبڕاوە تا دوا ساتی خۆی، ماندوونەناسانە، لە پێناو ئازادی ژنان و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان درێژە بە خەباتی خۆی دا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە هەڤاڵمان هێڤی سلێمان، تێکۆشەری گەورە، مامۆستای فەزیلەت، شۆڕشگێڕی دڵسۆز، دایکی بەڕێز و ئەندامی کۆمیتەی لیژنەی کۆنگرەی ستار دەکەین، بە دڵسۆزییەکی قووڵەوە سڵاوی دڵسۆزانە ئاڕاستەی ڕێبەر ئۆجالان و خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەڕڤانانی و گەلەکەمان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و عەفرین و حەلەب دەکەین.

 

کۆنگرەی ستار، لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، هێڤی سلێمان وەک "شەهیدی کۆنگرەی ستار" نەمر دەکرێت، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتی شەهید هێڤی سلێمان تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین و هەوڵەکانمان دوو هێندە دەکەین بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی.