فیلمی ڕۆیا سادات خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئیسپانیا بەدەستهێنا

ڕۆیا سادات، فیلمسازی ئەفغانستان بەهۆی دەرهێنانی فیلمەکەی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئیسپانیایی بەدەستهێنا کە ئاماژە بە خۆڕاگری ژنانی ئەفغانستان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆیا سادات، فیلمسازی بەناوبانگی ئەفغانستان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی فێستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئیسپانیا پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، فیلمی”ئاوازی سیما” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەمایی شاری بیلبائوی ئیسپانیا خەڵاتی وەرگرت، کە لە سێ نمایشی یەک لەدوای یەک زۆرترین بینەری هەبوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، فیلمەکە بە هاوکاری کۆمپانیاکانی خانەی فیلمی ڕۆیا، بالدەر فیلم، ڤیلۆس فیلم و پۆربن فیکتۆری بەرهەمهێنراوە، هەروەها ئەکتەرانی وەک موژدە جەمالزادە، نیلوفەر کۆخانی، عەزیز دڵدار، نیلوفەر پەزیرا،  لینا عالم، ماکس گرۆس، په یمان ئاریانفەر، مۆرتەزا عەلەوی، زوبێر پاداش و حەلیمە ئەحمەدی تێیدا بەشدار بوون.

 

ڕۆیا سادات باسی لەوەشکرد، فیلمی ئاوازی سیما چیرۆکێکی مرۆڤانەیە و ئاماژە بە خۆڕاگری و هیوای ژنانی ئەفغانستان دەکات.