تەقتەق؛ ژنێک بە سووتان گیانی لەدەستدا
٢٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ژنێک بە سووتان گیانی لەدەستدا و پۆلیسیش رەتی کردەوە کە ئەو ژنە خۆی سووتاندبێت.
کۆیە
ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شارۆچکەی تەقتەقی سەر بە كۆیە، ژنێک سووتا و ئەمڕۆ ٣٠ی کانوونی دووەم بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ڕائید هەرێم دڵشاد، بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی شارۆچکەی تەقتەق سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژنێک بۆ نوژنها وتی: ژنێک بە ناوی ک، س لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ و دایکی سێ منداڵ بوو پیشەی دروومان بووە، بەر لە ١٠ ڕۆژ بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە ماڵەکەیدا سووتا.
رائید هەرێم دڵشاد وتیشی: بە پێی ئیفادەی ژنەکە، سۆپای ماڵەكەیان گڕی گرتووە و ئەویش سووتاوە، ئەمڕۆش بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لەدەستدا و هیچ سکاڵایەک لەسەر رووداوەکە لای پۆلیس تۆمار نەکراوە.
بە پێی سەرچاوەیەک کە لە کاتی ڕووداوەکە بۆ نوژنها قسەی کرد، ڕووداوەکە خۆسووتان بووە، چونکە ئەو ژنە ساڵێک لەمەوبەر دوکانی بڕین و دروومانی داناوە، دوایی قەرزێکی زۆری لەسەر بووە و بەو هۆیەوە خۆی سووتاندووە، بەڵام پۆلیس ئەم دەنگۆیەی ڕەتکردەوە و لەسەر وتەی ژنەکە، ئاماژەی بەوەدا کە بە هۆی سۆپاوە سووتاوە.