ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان: دەبێت دەوڵەتی تورکیا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت

ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان ئاماژەی بەوەدا، کە ماوەی زیاتر لە ٢ مانگە بەهۆی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە لە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا منداڵێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و داوای کرد دەوڵەتی تورکیا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان لە بەردەم بینای کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری قامیشلۆ سەبارەت بە بەئامانجگرتنی منداڵان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکە بە زمانی کوردی و عەرەبی لەلایەن مامۆستا عالیا حەسەن و سەحەر مەحموود، ئەندامی نووسینگەی ژنانی ئەنجومەنی ڕۆشنبیری کانتۆنی جزیرە خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، لە نێوان ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ تا ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ٧٦ هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و داوایان کرد دەوڵەتی تورکیا بدرێتە دادگا.

 

"دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئاسایشی هاوڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە"

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی "سوپای نیشتمانپەروەری سووریا" بە هەموو جۆرە چەکێکەوە هێرش دەکەنە سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمەش سەلامەتی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە، "سوپای نیشتمانیی سووریا بە شێوەیەکی ئاشکرا و سیستماتیکی منداڵان و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، دژی هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە دەکات، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک هێرش بۆ سەر منداڵان و خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات".

 

٧٦ کەس گیانیان لەدەستداوە

 لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە ۲ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲٤ تا ۲٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ۷٦ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، ۱۷یان منداڵ و ۱۳یان ژن بوون، ٨٤ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، کە ۱۱یان منداڵن و ۹یان ژنن، لە ٢٦ تا ۲٨ ی کانوونی دووەم، ١٧ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ی دیکەش برینداربوون.  لە گوندی جەمەس لە عەین عیسا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایکیشیان بە سەختی بریندار بوو.  لە گوندی ئووم هەرمێلا لە زرگان، ٣ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە منداڵێکیان تێدابووە  و ٩ کەسیش بریندار بوون کە ٤ کەسیان ژن بوون، لە شاری سرین، ۱۲ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ٥یان منداڵ بوون، هەروەها ٤ منداڵ و ۱۳ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

"ئەوان یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن"

 ڕاگەیەندرا کە ئەوان وەک ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان، بە توندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەن و ڕایانگەیاند: گروپە مەدەنییەکان، منداڵان، تیمە پزیشکییەکان، ئەمبولانسەکان و ڕۆژنامەنووسان بە مەبەست دەکرێنە ئامانج، دەوڵەت و چەتەکانی تورکیا بەم هەنگاوانە پێشێلی سەرجەم ڕێسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.

 

"پێویستە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن"

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بێدەنگیی خۆی بشکێنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بێدەنگییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی درێژە بە هێرشەکانیان بۆ سەر هاوڵاتیان بدەن، "دەبێت دەوڵەتی تورکیا واز لە کۆمەڵکوژی دژی هاوڵاتی مەدەنی بیهێنێت، بە تایبەتی منداڵان، دەبێت بەپێی تاوانەکانیان لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن".