سودان... ململانێکان بەردەوامی هەیە

سەندیکای پزیشکی سودان ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی ململانێکانەوە، خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان لە لێواری داڕماندایە و نزیکەی ٨٠٪ی چالاکی نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییەکان وەستاون.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە سەد ڕۆژە شەڕ و ململانێی نێوان هێزەکانی سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و هەوڵی نێوەندگیریی زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ڕاگرتنی شەڕ شکستی هێناوە.

 

دەستپێکردنی شەڕ لە سودان لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵ بەهۆی ململانێکانی دەسەڵات بووە هۆی وێرانکاری لە خەرتومی پایتەخت و زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژیی نەتەوەیی لە دارفور، بەوتەی ڕێکخراوی ناحکومی ئیوکلید، ململانێی سودان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم سێ هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس.

 

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە زیاتر لە ٧٣٠ هەزار کەس لە سودانەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون، بەهۆی چارەسەرنەبوونی دۆخەکەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای پزیشکانی سودان، خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان نزیکەی تەواو ئیفلیج بوون بەهۆی ململانێکانەوە و چالاکییەکانی نزیکەی ٪٨٠ی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان وەستاون.

 

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەزەندە دەکرێت نزیکەی ١٥ هەزار و ٨٠٠ کەس کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی سودان، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

 

ململانێ بەردەوامەکان بووەتە هۆی داڕمانی ژێرخانی حکومەت لە پایتەخت و شەڕەکە بۆ ڕۆژئاوای ناوچەی دارفور تەشەنەی کردووە، هەروەها بۆ باشوور کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی سودان-باکوور هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خاکەکەی دەدات.

 

مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، ئەو دوو لایەنەی بەشداربوون لەو دانوستانانەی کە سعوودیە و ئەمریکا لە شاری جددە میواندارییان کردبوو، ئاگر بەستی حوت ڕۆژە ڕاگەیەندرا بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بنێردرێت، بەڵام ئاگربەستەکە لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکانەوە پێشێلکرا و دەزگاکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوون لە گەیاندنی هاوکارییەکان.

 

پێویستە بوترێت، دوێنێ یەکشەممە، سوپای سودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی مەدەنی لە کاتی هەڵدانیدا بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە لە فڕۆکەخانەی بەندەری سودان لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە کە چواریان سەرباز بوون، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵێک لە ڕووداوەکە ڕزگاری بووە.