کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ٥٠١ ئاوارەی لە هەولێرەوە بۆ زێدی خۆیان راگەیاند

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ٥٠١ ئاوارەی لە كامپی دیبەگە لە سنووری پارێزگای هەولێرەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك و سەڵاحەدین ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی سەدان ئاوارە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان و دابەشكردنی هاوكاری بەسەریاندا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، لە درێژەی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتدا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، ئەمڕۆ ٥٠١ ئاوارە لە كامپی دیبەگە لە سنووری پارێزگای هەولێرەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك و سەڵاحەدین گەڕێندرانەوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیر ڕێنمایی دەركردووە، كە گەڕاوەكان یارمەتییە دارایی و یارمەتییە فریاگوزارییەكانیان پێشكەش بكەن.

 

بڕیار بوو، تا كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، سەرجەم كامپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان دابخرێت و هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام تا ئێستا بەشێك لە كامپەكان دانەخراون و تەنها لە سنووری سلێمانی کامپەکان ئاوارەیان تێدا نەماوە.