بەرەی ژنانی باشوور: ئەم دەسەڵاتە هەتا قوڕگیان کەوتۆتە ناو خیانەتەوە

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازی بۆ هێڵێکی نیشتیمانپەروەری و ئازادیی کرد کە هەموو کوردستان بە بنەما بگیرێت و ئاماژەی بەوەکرد، قڕکردنی کولتووری و ناسنامەیی و جەستەیی لەسەر گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان بەڕێوەدەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان بۆ بونیادنانی کوردستانێکی ئازاد و ژیانێکی دیموکراتیک بانگەوازی لە گەل و ژنانی باشووری کردو بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: وەک دەزانین کوردستان بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی لە قۆناغێکی زۆر قوورسدایە و بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەچین، لەلایەکەوە شەڕ و ئالۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕۆژ بە ڕۆژ تەشەنەدەکات و گەورە دەبێت، لە لایەکی تریشەوە قڕکردنی کولتووری و ناسنامەیی و جەستەیی لەسەر گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ژنانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی زۆر گەورە کردووەتەوە، هەروەها کوشتن، خۆکوشتن، توندوتیژی لەسەر ژنان و پێشێلکردنی هەموو مافە یاساییەکان لەسەر ژنان وەک ڕەوشێکی ئاسایی و ڕۆژانە دەبینرێت و تێدەپەڕێندرێت.

 

"ئەم دەسەڵاتە هەتا قوڕگیان کەوتۆتە ناو خیانەتەوە"

ئاماژە بەوەشکراوە، ماوەی ٣٣ ساڵە ئەو دەسەڵاتەی لەسەر ناوی گەلی باشووری کوردستان سیاسەت دەکات بە گەندەڵی، بێکاری، بێموچەیی، کۆمەڵگەیان ناچاری کۆچبەری و ئاوارەیی و دوورە وڵاتی کردووە، پاوانکردنی سەرمایە و داهاتی ئەم گەلە بۆ دەوڵەمەندکردنی بنەماڵەکانی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بنەماڵە و نەوەکانی خۆیان، هەروەها بێ مافکردنی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لەو داهاتەی کە هەیە، لەلایەکی ترەوە ڕادەستکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان بە داگیرکەران وەک سیاسەتێکی بنەڕەتی بۆ خۆیان دەبینن و ماوەی ٣٣ ساڵە پیلانەکانی داگیرکاری پێکدەهێنن، هیچ هەنگاوێک یان کارێکیان نەکردووە لە پێناوی دیموکراسی و ئازادیی بۆ ئەم گەلە، لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا ئەم دەسەڵاتە هەتا قوڕگیان کەوتۆتە ناو خیانەتەوە. بە درێژایی هەزاران ساڵ گەلی کورد هێز و وزەی خۆی لە میراتی بەرگریی و بەرخۆدانییەکانی ڕابردووی خۆی وەردەگرت، کە لە بەرانبەر هێرش و داگیرکارییەکانی (ئەسکەندەر، مەغۆلەکان، فارسەکان، عەباسییەکان، خاچپەرستەکان، سەلجوقییەکان، عوسمانییەکان هەتا دەگات بە دەوڵەت - نەتەوەی سەدەی بیستەم) وەردەگرت و بوو بە سەرچاوەی مۆڕاڵ و هێزی بەرگریی و بەرخۆدان و لەسەرپێ مانەوەی ئەم گەلە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە هەموو ئەو میراتەی لەناوبرد.

 

"ژنان گەیشتوونەتە ئاستێک ناتوانن هەناسەیەکی ئازادیش هەڵبمژن"

لە بەیاننامەکەی بەرەی ژنانی باشووردا هاتووە: ئەمرۆ باشووری کوردستان لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی خۆفرۆشی کورد هیوای سەرکەوتنی ونکردووە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە، ئەمڕۆ هیچ کەس گرنگی بە هەڵبژاردن نادات، ژنان زۆر زیاتریش هیوا و ئامانجەکانی خۆیان ونکردووە، ژنان لە بەرامبەر هێرشەکان و قبوڵکردن و بە یاساییکردنی یاساکانی سیستمی پیاوسالاری دەسەڵاتدار بێ ڕۆڵ بووە، لەهەمانکاتدا لەبەر ئەو کۆتوبەند و یاسایانەی، کە دژ بە ڕۆڵ و پێگەی ژنان هەیە هەروەها بێدەنگی و بێ چالاکی هەموو ئەو کەسانەی وەک چالاکوان و پارێزوانانی مافی ژنان کار دەکەن، لەبەر ئەوەی، کە بە ڕۆڵی بنچینەیی خۆیان هەڵناسن، ئەم ڕەوشە بێهیوایی زیاتری بۆ ژنان درووستکردووە، ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زۆر قووڵ سیستمی دەسەڵاتداریی پیاوسالاری لەسەر ژنان و منداڵان دەسەپێنێت، ژنان گەیشتوونەتە ئاستێک، کە ناتوانن هەناسەیەکی ئازادیش هەڵبمژن، ئێمەش لەو باوەڕەدا نین، بە هەڵبژاردنێک هەموو ئەو ئەو نایەکسانی و ستەمانە کۆتایی پێ بێت، بەڵام بۆ ئەوەی خاک فرۆشان و دوژمنانی ژن و کۆمەڵگە سەرکەوتوو نەبن و بتوانین بە دەنگەکانمان گورزێکی کاریگەریان لێ بدەین، بۆ ئەوەی جارێکی تر هیچ دەسەڵاتێک جەسارەتی ئەوە نەکات، دەست ببات بۆ نرخ و بەها پیرۆزەکانی ئەم گەلە و یاری بە چارەنووسی ئەم گەلە بکات، پێویستە هەر کەسێکی ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەر خاوەنی هەڵوێستێکی نیشتیمانی بێت، دەنگی خۆی لە دژی خیانەت و داگیرکاری و دەسەڵاتداریی پیاوسالاری بەکاربهێنێت و تۆڵەی سەدان منداڵ و گەنج و ژنان بکاتەوە، کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بە هاوکاری خیانەتکاران بوونەتە قوربانی، هەروەها پێویستە هەر دەنگێک، کە لەبەرانبەر زیهنییەتی پیاوسالاری بەکاردەهێنرێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان و ئازادیی ژنان بێت.

 

"دەسەڵات دەیەوێت مێژووی بەرخۆدان لە بیر و هۆشی ژنان بسڕێتەوە"

لە باشووری کوردستان بەرخۆدان و تیکۆشانی ژنانی کورد میژوویەکی درێژ و شکۆداری هەیە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات دەیەوێت ئەو مێژووە لە بیر و هۆشی ژنان بسڕێتەوە و ژنان لەو میراتە میژووییە دووربخاتەوە، ئەمڕۆ پیاو - دەوڵەت و سیستمی پیاوسالاری بە هەزار و یەک فرتوفێل و ساختەکاریی، ژنانی بەخۆیەوە پەیوەستکردووە، ئەو یاسایانەی دەردەچن بۆ پاراستن و بەرژەوەندیی پیاو بەکاردەهێندرێت، ئەو یاسایانەی مافی ژنان دەپارێزن یەک بە یەک دەگۆڕدرێن، ئەمڕۆ لەناو بنەماڵەکانەوە بگرە هەتا دەگات بە کۆڵان، قوتابخانەکان و پەرلەمان شەڕێکی شاراوە لەبەرانبەر بە ژنان بەڕێوەدەچێت و زۆر بە ئاشکرا دوژمنایەتی ژنان دەکرێت، ئەمڕۆ زۆر بە کەمیی، دەرفەتی ئەوە ڕەخساوە بۆ ژنان کە بە دەنگ و ڕەنگ و ناسنامەی ژنێتی خۆیان داوای مافەکانی خۆیان بکەن و کێشەکانی خۆیان بە ئاشکرا بڵێن و ئیرادە و ئازادیی خۆیان پەیڕەو بکەن، کاتێک ژنان بە فیکر و زیهنییەت و ئازادیی و هاوژیانی ئازاد پەروەردە نەکرێن، هەرچەندە لەو بوارەشدا بن، بێواتا دەبێت و لە ژێر سایە و سێبەری پیاودایە و بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی پیاو هەنگاو دەنێت و دەجوڵێتەوە.

 

"هیوادارین ژمارەیەکی زۆر لە بەربژێرانی ژن بتوانن سەرکەوتن مسۆگەر بکەن"

ئەم هەڵبژارنەی لەبەردەمماندایە بۆ گەلی کوردستان هەڵبژاردنێکی مێژووییە، لەهەمانکاتیشدا لەم هەڵبژاردنەدا هەزارو ١٩١ کەس خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە، لەو ڕێژەیەش ٣٦٨ بەربژێریان ژنن، زۆربەی ئەو بەربژێرە ژنانەش لەو شوێنانە دانراون، کە کێبڕکێی زۆر تێدایە و سەرکەوتن گران و زەحمەتە، بەڵام ئێمە هیوادارین سەرەڕای هەموو ئەو نایەکسانی و ستەمانەش، ژمارەیەکی زۆر لە بەربژێرانی ژن بتوانن سەرکەوتن مسۆگەر بکەن و لە ناو پەرلەمانی داهاتوودا جێگەی خۆیان بگرن، لەبەرئەوەی لە ڕابردوودا ژنان وەکو پێویست جێگەی خۆیان لەناو ئەو لیژنە و جومگانەی دەسەڵات نەگرتبوو،کە بڕیاریان تێدا دەردەچوو، ئێمە وەکو ژنانی باشووری کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی یەکەمین کابینەی پەرلەمان هەتا ئەمڕۆ هەڵوێست و تێکۆشان و خەباتی پەرلەمانتارانی ژن هەڵدەسەنگێنین و تەماشا دەکەین، لە چوارچێوەی ئەو چاوەڕوانیانەماندا ئێمە بانگەوازی لە گەلەکەمان و بە تایبەتی ژنان دەکەین، ئێمە بە قۆناغێکی زۆر گراندا تێپەڕدەبین، دەسەڵات و هێزەکان جارێکی تر دەیانەوێت نەخشەی جیهان دابڕێژنەوە. کوردستان جارێکی تر کراوەتە ناو بازاڕ و مامەڵەوە، ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستە، هێڵێکی نیشتیمانپەروەری و ئازادیی هەموو کوردستان بە بنەما بگرین، پێویستە ئێمە لێرەدا بڵێین؛لەم هەڵبژاردنەدا هەر دەنگێک کە لەبەرانبەر بە خیانەت بەکاردەهێنرێت ئەو دەنگە گورزێکی کاریگەر لە دڵی داگیرکەر دەدات.

 

"پێویستە دەنگ بدەن بەو بەربژێرانەی خاوەن هەڵوێستی نیشتیمانین"

گەلەکەمان و ژنانی ئازادیخواز، پێویستە دەنگ بدەن بەو بەربژێرانەی بەرامبەر بە تێکۆشان و ئازادیی ژن و نیشتیمانپەروەری و نرخی دیموکراتی و ئیکۆلۆژی خاوەنی هەڵوێستی نیشتیمانین، چاوەڕانیمان لەو بەربژێرانە هەیە، کە لەبەرانبەر بە خیانەت و خاکفرۆشان خاوەنی هەڵویست بن. بەڵێن بدەن، لە بەرژەوەندیی نیشتیماندا تێکۆشان بکەن، ئێش و ئازارەکانی ژنان ببینن و پرۆژە و پلانسازی بۆ چارەسەری کوشتن، توندوتیژی، بێکاریی ژنان پێشبخەن، هەروەها لە بەرانبەر بە تێکۆشان و ئازادیی ژن خاوەنی هەڵوێست بن، بە گوێرەی دۆخی کوردستان بە شێوەیەکی دیموکراسی ڕەچاوی هەموو ئەو نەتەوە جیاوازانە بکەن،وا لە کوردستاندا دەژین، لەبەرانبەر لەناوبردن و جینۆسایدکردنی سرووشتی کوردستان بێدەنگ نەبن و پڕۆژەی ئیکۆلۆژی بۆ پاراستنی سرووشت و ژینگەی کوردستان بە بنەما بگرن.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: لەسەر بنەمای قۆناغی دیموکراتیک و ئازادیخوازیی، دووبارە بانگەوازی لە ژنان و گەلەکەمان دەکەین، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، بۆ ئەو ژنانەی لە دوای هەڵبژاردن دەبن بە پەرلەمانتار لە ئێستاوە سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و هیوادارین بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و ژن و ژینگە هەنگاو بنێن.