کۆڕبەندی ژنان لە بەیروت: پێویستی بە بەهێزکردنی خەبات هەیە
دوێنێ کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی نەوراز لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کۆڕێکی ژنانی سازکرد و بارودۆخی ژنانیان تاوتوێ کرد، لە کۆڕەکەدا تیشک خرایە سەر پتەوکردنی خەبات و تەبایی ژنان.
بەیروت
کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی نەوراز دوێنێ ٨ی شوبات، بە دروشمی "پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و لێکەوتەکانی بۆ ژنان"، کۆڕێکی بۆ ژنان سازکرد، لەم کۆڕەدا نوێنەری ژن لە گروپەکانی ژنانی لوبنان و فەلەستینی و کورد و هەروەها بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە بوون.
کۆڕبەندی ژنان بە سروودی نەتەوەیی لوبنان و فەلەستین و کوردستان دەستی پێکرد، کۆڕەکە بە پێشەنگایەتی سەرۆکی لیژنەی ژنان لە کۆمەڵەی نەوراز بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر گرنگی کۆڕەکە کرایەوە لە ڕاکێشانی سەرنج بۆ ئەو پرسە هاوبەشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە نێوان پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، بەشداربووان لە مەکۆکەدا بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان خستەڕوو.
'زۆرترین بەئامانج گرتن لەسەر ژنانە لە هێرشەکاندا'
لە کۆڕبەکەدا ماری دیبیس، سەرۆکی کۆمەڵەی کاروباری ژنان و یەکسانی وتی: ژنان ئەوانەن کە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت لە ئەنجامی ململانێ و شەڕە بەردەوامەکان، ئەوان ڕووبەڕووی شەپۆلی کۆچ و نەبوونی ئاسایش دەبنەوە، هەروەها لەگەڵ نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان ململانێ دەکەن، پێویستە ئەو ژنانە پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابین بکرێت و مافەکانیان بپارێزرێت و هەڵوێستیان هەبێت دژی ئەم هێرشانە.
'خەباتی ژنانی کورد دەنگی داوەتەوە'
هەروەها لەیلا ئەفرین، نوێنەری هەماهەنگیی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە خەباتی درێژخایەنی ژنانی کورد کرد و وتی: ئەزموونەکانی ژنان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا بوونە مۆدێلێک بۆ گەشەپێدانی هەموو ژنان و لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە، دەوڵەتی تورکیا دوژمنایەتی خەبات و بەرخۆدانی ژنان دەکات بە بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنیا بۆ ژنانی کورد، بەڵکو بۆ ژنانی هەموو جیهان گرنگە، لەبەر ئەوەی کلیلی چارەسەر و ئاشتی، بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە گرێدراوە.
'پێویستی بە بەهێزکردنی خەبات هەیە'
مامۆستا سوعاد عەبدولڕەحمان باسی لەو سەختییانە کرد کە ژنە پەنابەرە فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە و وتی: ژنانی فەلەستینی لە نێو شەڕ و ململانێکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، ئەوان لە مافە یاساییەکانیان بێبەش کراون، پێویستە لێکنزیکبوونەوەیەک لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنانی فەلەستینی و لوبنانی دابمەزرێت و پێویستە خەباتی خۆیان بەهێزتر بکەن و پاڵپشتی ژنانی ئاوارە بکەن و مافەکانیان بپارێزن.
بانگەواز بۆ هاودەنگی ژنان
لە کۆتایی کۆڕەکەدا ئەم پێشنیارانە خرانەڕوو: بەهێزکردنی هاوپەیمانی ژنانی ناوخۆیی لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا، بەهێزکردنی هەوڵەکان لەناو بزووتنەوەکانی ژنان لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی ژنانەوە، بونیادنانی بەرەیەکی یەکگرتوو و وەستانەوە لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا، گەیاندنی دەنگی ژنان بۆ وڵاتانی جیهان و دەستەبەرکردنی بەشداری ژنان لە پۆستەکانی بڕیارداندا.