ژنانی ڕۆژئاوا بیر لە چی دەکەنەوە و باسی چی دەکەن؟

ژنانی ڕۆژئاوا کە لەگەڵ شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا چوونەتە قۆناغێکی نوێی خەبات، لە ئێستادا خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆسە و بابەتە سیاسییەکانن کە دژی گەل و ژنان جێبەجێ دەکرێن، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەو مژدە خۆشەن کە لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە دێت.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

 تل تەمر- گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ١٣ ساڵە لە ناوەڕاستی شەڕ و شۆڕشدایە، خەریکی پاراستنی پرۆژەی دیموکراسی خۆیانن و بەرپەرچی هێرشەکانی سەر دیموکراسی و ئەو ژیانە ئازادە دەدەنەوە کە بە بەرخۆدان و خەباتێکی بێهاوتایەوە بونیاد دەنرێت سەختترین باجی بۆ دەدەن.

 

 ئەمڕۆ دایکان و ژنانی ڕۆژئاوا باس لەو پڕۆسەیە دەکەن کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، ئەو ململانێ و گۆڕانکاریانەی کە لە نێوان خۆیاندا، لە ماڵەوە، لەسەر شەقام و لە کۆمەڵگاکانیاندا ڕوودەدەن، تەنانەت لە گفتوگۆی ڕۆژانەیاندا، ئەمجارە ئامانجەکانمان خستە بەردەم گفتوگۆی دایکان و ویستمان لەگەڵ ئەواندا باسیان بکەین و داوای بۆچوونی دایکانمان کرد.

 

" چاوەڕێی ئەوە دەکەین ڕێبەرەکەمان بێتە دەرەوە"

 شوکریە تاهیر لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لایەنگری ئاشتین و داواکەیان ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایەو وتی: کاتێک سەیری ناڕەزایەتی و بەرخۆدانەکان دەکەین و بەدواداچوون دەکەین کە لە بەنداوی تشرین ڕوودەدەن، هێزی لێ وەردەگرین، بەرخۆدانی بەنداوی تشرین ناوازەیە و پێویستە ناوی بنرێت بەنداوی شەهیدان، بۆ پاراستنی بەنداوەکە سەدان گیانیمان بەخت کردووە، ئێمە چاوەڕێی ڕێبەرەکمان دەکەین کە بێتە دەرەوە و لەبری ئێمە قسە بکات، ئێمە چاوەڕێی ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، بەڵام ڕێبەرمان ٢٦ ساڵە لەم دۆخە سەختەدایە، چونکە ئێمە خوێنمژ نین، ئارەزوومان ئارامییە، هیوای سەرکەوتنمان زیاترە، ڕێبەر ئاپۆش لە زیندان ئازاد دەبێت و خوێنی شەهیدەکانمان لەسەر زەوی بەجێناهێڵدرێت، ئەستەمە دوای ئەوەندە بەرخۆدان سەرکەوتن بەدەست نەهێنین.

 

 "داواکاری ئێمە ئەوەیە کە کورد ستاتۆی خۆی هەبێت"

هەروەه حەمدیە کوسا ڕایگەیاند، ئەوەی ژنان بیری لێدەکەنەوە، چارەنووسی گەلی کوردە لە کوردستان، کە زیاتر لە سەدەیەک لەژێر هێرشی جینۆسایددایە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: داواکاری ئێمە ئەوەیە کە کورد لە سەرانسەری وڵاتی داگیرکراو و دابەشکراوی ئێمەدا پێگەیەکی هەبێت، ئەمڕۆ هەموو جیهان دەزانێت کورد بوونی هەیە و کێیە، دوژمن کوردستانی ئێمەی دابەش کردووە، بەڵام گەلی کورد یەکە، هەر بۆیە بیر لە باکوور و لایەنەکانی تر دەکەینەوە و هەوڵ بۆ یەکڕیزی دەدەین، ڕۆژێک یەکدەگرین و کوردستانی داگیرکراو و دابەشکراوی خۆمان ڕزگار دەکەین.

 

 'ژنان لە بیری ماڵ و منداڵەوە بەرەو بونیادنانی وڵات و یەکێتی جیهانی ژنان دەڕۆن'

 حەمدیە کوسا کە لە بەردەم تەلەفزیۆنی ڕۆناهیدا بوو و خولەک بە خولەکی دەژمارد وتی: ژنانی ڕۆژئاوا دەبێ یەکڕیزیی زیاتر لەگەڵ ژنانی جیهان بنیات بنێن بۆ ئەوەی هەموو ئەو پیلانانە ئاشکرا بکەن کە لە دژی ئەوان دەکرێت، ژن چیتر تەنها بیر لە ماڵ و منداڵ ناکاتەوە، بیر لە شتی گەورە دەکەنەوە، لە بنیاتنانی وڵاتەوە تا بونیادنانی یەکڕیزی ژنان، ئێستا کە ژنان بە قووڵی بیردەکەنەوە و دەگەنە ئەو ئاستە، هەنگاو بەرەو ئازادی دەنێن، هەموو جیهان سەرسام بووە بە هێزی ژن،  ئەگەر بمانەوێت دەسەڵاتی ژنان ببینین، پێویستە سەیری ئەو هێرشانە بکەین کە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەریان ئەنجامی دەدات، چونکە ئێستا ژنان گەشە دەکەن و خۆیان ڕێکدەخەن، بەنداوی تشرین یەکێکە لە بچووکترین نموونەکانی بەرخۆدانی ژنان ژنانی ڕۆژئاوا ئەمڕۆ بیر لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی وڵات و منداڵ و ئاو و خاکی خۆیان دەکەنەوە، یەکەم شت کە پێویستە ژنان بیکەن، بەهێزکردنی دەسەڵاتی بەرگرییە، دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە دەستوور و بنیاتنانی یەکڕیزیی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکەن، چونکە ٢٦ ساڵ بەسە، چەندی تر؟ ژنان ئێستا گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە زۆر باش دەزانن ئەگەر هەڵنەستن و خۆیان و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەکەن، هەرگیز ئازاد نابن.