“دەبێت حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی لەم بانگەوازە مێژووییەدا جێبەجێ بکات”

ژنانی دانیشتووی ئامەد ڕایانگەیاند کە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەستپێکی پرۆسەیەکی نوێیە، دەرفەتێکە بۆ گەل، دەبێت حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

ئامەد

 

شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، سڕی سورەیا ئۆندەر، تولای حاتیمۆگولاری، تونجەر باکرهان، جەنگیز جیچەک، فایق ئۆزگور ئەرۆل و ئەحمەد تورک، لە ٢٧ی شوبات لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە دوورگەی ئیمرالی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە ئیستەنبوڵ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان خوێندرایەوە.

 

عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا باسی لە ڕێگاکانی سیاسەتی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی کورد و تورک کرد و داوای کرد پەکەکە چەک داماڵێت. ملیۆنان کەس گوێیان لە پەیامەکە گرت و ڕاستەوخۆ تەماشایان دەکرد، دەیان هەزار کەسیش لە شەقامەکانی شارەکانی کوردستان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پێکەوە گوێ لە بانگەوازەکە بگرن.

 

لە مەیدانی شێخ سەعید لە ئامەد لە کاتی ڕاگەیاندنی مێژووییدا چرکەساتی مێژوویی ئەزموون کرا. پێش دەستپێکردنی ڕاگەیاندنەکە بە سەدان کەس لە گۆڕەپانی شێخ سەعید کۆبوونەوە، بە تایبەت ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان لە خەباتی ئازادیدا گیانیان لەدەستدا، چرکەساتی سۆزدارییان ئەزموون دەکرد.

 

دوای ڕاگەیاندنەکە بێدەنگی لە گۆڕەپانەکە دروست بوو، خەڵکی ناو گۆڕەپانەکەش گرنگییان بە پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان دا، دوای کۆتاییهاتنی پەیامەکە، دروشمی ئازادی بۆ ئۆجالان بەرز کرایەوە. ژنانی ئامەد ڕایانگەیاند کە ئەو بانگەوازە دەرفەتێکی مێژووییە و پێویستە لە لایەن هەموو کەسێکەوە پاڵپشتی بکرێت.

 

“ئەم بانگەوازە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گەل”

ئایتەن کلیچ کە خزمێکی لە زینداندایە، ڕایگەیاند، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا بۆ پەکەکە نییە، بەڵکو بۆ هەموو لایەنەکانە و دەرفەتێکە بۆ دیموکراسی، وتیشی: ئێمە پشتیوانی ئەم پرۆسەیە دەکەین کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردووە. هەرچییەک بێت ئێمە نامانەوێت خەڵک بکوژرێت. ئەم گەلە ساڵانێکە ئازارێکی زۆری چەشتووە. ئەم ئازارە دەبێت لە ئێستاوە کۆتایی پێبێت. دەڵێین بەسە بۆ هەردوولا، دەبێت شەڕ کۆتایی پێبێت، بەڵام کاتێک ئێمە دەڵێین ئاشتی، نابێ ئەوان بڵێن شەڕ. پێویستە بۆ ئاشتی بێینە لای یەکدی.

 

“گوێ لەم بانگەوازە بگرن بۆ چارەسەر”

حوریە ئاجار لە باتمانەوە بۆ گوێگرتن لە پەیامەکە هاتبووە ئامەد، هیوای خۆی دەربڕی ئەم بانگەوازە کۆتایی بەو ئازارانە بهێنێت کە ساڵانێکە بەرگەی دەگیرێت، وتیشی: وەک ژنێکی کورد بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان بە ئەرێنی دەزانم، ئەمڕۆ ڕۆژێکی جوانە، هیوادارم زوڵم کۆتایی پێبێت، دونیا گەشاوەتر بێت و کۆمەڵکوژییەکان کۆتایی پێبێت. ئێمەش وەک هەموو گەلانی جیهان تەنها دەمانەوێت ناسنامە و بوونمان بناسرێت، ئەم کەسانە ساڵانێکە ئازار دەچێژن، ئێمەش پشتگیری لە هەر هەنگاوێک دەکەین کە بۆ کۆتاییهێنان بەم ئازارە بنرێت.

 

“دەبێت کورد یەکگرتوو بێت”

سوڵتان ئۆزگول کە بە پەنجە و دروشمەکانی لەگەڵ دایکانی ئاشتی لە گۆڕەپانەکەدا دەنگی بەرزکردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بە خەبات و بەرخۆدان گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژانە، سەرەڕای ئەو ئازارانەی کە تووشی بوون، دەستبەرداری ئاشتی شەرەفمەندانەیان نابن و وتی: پێویستە گەلی کورد بە یەکڕیزییەوە بەسەر هەموو ئاستەنگییەکاندا زاڵ بێت، ئەو بانگەوازە دەبێتە ئامرازێک بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی، گەلی کورد زۆرترین خەباتی بۆ ئاشتی کرد، ئەمڕۆش هەنگاوی کۆنکرێتی بەرەو ئەمە دەبینین، ئەم بانگەوازە چارەسەرێکە بۆ هەموو لایەک، دەبێت گەلی تورکیاش بڵێت بەسە.

 

“دەبێت بە هەنگاوی کۆنکرێتی بەدەست بهێنرێت”

خەزال کایدو وتی: دوای ئەم بانگەوازە مێژووییە، دەبێت هەردوولا هەنگاوی پێویست بنێن، حکومەتیش هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت، ساڵانێکە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە بووین، ئێستاش مەرجەکان لە شوێنی خۆیانن. ئێمە بە ڕۆژ و پرۆسەیەکی مێژووییدا تێدەپەڕین. ئێمە لە سایەی خەبات و تێکۆشانماندا گەیشتوینەتە ئەم ڕۆژانە. هەروەها لە پێناو ئاشتیدا بە سەختی خەباتمان کرد. پێویستە هەوڵەکان بۆ ئاشتی دەست پێبکەن و هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت.

 

خەزال کایدو پرۆسەکانی پێشووی ئاگربەست و “چارەسەر”ی بەبیرهێنایەوە و وتی: وەک پرۆسەکانی پێشوو، نابێت تەنها بە وشە بمێنێتەوە، ئێمە پرۆسەیەکمان دەوێت کە هەنگاوی کۆنکرێتی لەخۆ بگرێت، پێویستە لایەنەکان هەنگاوی جددی و کۆنکرێتی بنێن.

 

“پێویستە بەرخۆدانی گەلی کورد وەک نموونە وەربگیرێت”

گوڵستان سەڤیم کە لە سیرتەوە هاتبووە ئامەد، باسی لەوە کرد، دەبێت پێداگری گەلی کورد لەسەر ئاشتی وەک نموونە وەربگیرێط، ئەم بەرپرسیارێتییە تەنیا هی گەلی کوردستان نییە، بەڵکو هی هەموو گەلانی ئاشتیخوازە، دوای ئەوەندە ئازار، دەبێت ئەم دەرفەتە مێژووییە بە باشی بەکاربهێنرێت.