نوێنەری مەسەدە: هەرکات هەڕەشەکان کۆتاییان هات چەک دادەنێین
سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموكراتیک-مەسەدە لە واشنتۆن ڕایگەیاند، پەیامەكەی* ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان كاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت،هەركات هەڕەشەمان لەسەر نەما چەك دادەنێین.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ٢٨ی شوبات، سینەم محەمەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتۆنی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی الحرة-ی ئەمریكیی ڕایگەیاند، پەیامەكەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری ئەرێنی لەسەر ناوچەكانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وڵاتەکە بە گشتیی دەبێت، چونکە تورکیا هەمیشە بیانووی ئەوە دەهێنێتەوە، کە گروپەكانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەن و دەیەوێت لە ئاسایشی سنوورەکانی دڵنیا بن.
سینەم محەمەد باسی لەوەشكرد، "ئەگەر دۆخێک دروستبوو كە پێویستی بە چەك نەما، ئەوا هێزەكانی قەسەدە هیچ ناڕەزاییەتیەكی نییە لە دانانی، بەڵام لە ئێستادا هێرشەكان بۆ سەر ناوچەكەیان بەردەوامن و شەڕ لە بەنداوی تشرین و ناوچەكانی باشووری كۆبانێ هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكەدان، بۆیە کاتێک هەموو ئەو هەڕەشانە لە ناوچەکە کۆتاییان هات، چەکەکانیان دادەنێن".
سینەم محەمەد لەبارەی پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرێتی خۆبەڕێوەبەریی و ئیدارەی نوێی سووریا، وتی: لە گفتوگۆداین لەگەڵ دیمەشق بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێک بە مەبەستی پەیوەندی قەسەدە بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە، هەروەها دیدگای ئێمە بۆ شێوەی سوپای نوێی سووریا ئەوەیە کە لەسەر بنەمای نیشتمانی بنیاد بنرێت و نوێنەرایەتی هەموو سووریا بکات.
سینەم محەمەد لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، بانگهێشت نەكردنیان لە ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ كۆنفڕانسی دیالۆگی نیشتمانی سووریا بەردەوامی سیاسەتی پەراوێز خستنە، كە ڕژێمی لە كارلادراوی بەشار ئەسەد پەیڕەوی دەكرد، بەهیوان ئەو هەڵانە دووبارە نەبنەوە و نوێنەرانی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە قۆناغی داهاتووی ئەو وڵاتەدا هەبێت.