کاروانێکی نوێ کە پێکهاتووە لە ٣٦٣ خێزانی کۆچبەری سەرێکانی بەڕێدەکەون

کاروانێکی نوێ کە پێکهاتووە لە ٣٦٣ خێزانی کۆچبەری سەرێکانی بەرەو ناوچە ڕەسەنەکانیان لە ناوچە گوندنشینەکانی سەرێکانی و تل تەمر و زڕگان بەڕێکەوتوون، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی گەڕانەوەی کۆچبەرانە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا تۆپباران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا هەزاران خێزانی ناچارکرد لە شاری سەرێکان و گوندەکانی دەوروبەری کۆچبکەن و پەنایان بۆ کامپ و پەناگەی کاتی لە سەرانسەری پارێزگای حەسەکە برد.

 

بەرەبەیانی ١١ی تشرینی دووەم، کاروانێکی نوێی کۆچبەرانی سەرێکانی لە کامپی واشۆکانی لە گوندەکانی باکووری حەسەکە بەڕێکەوتن و بەرەو زێدی خۆیان و گوندەکانیان لە ناوچە گوندنشینەکانی سەرێکانی، تل تەمر و زڕگان بەڕێکەوتن.

 

ئەم گروپە لە ٣٦٣ بنەماڵە پێکدێت، کە زۆربەیان لە گوندەکانی مناجیر، سودە، سەفح، عەریشە لە گوندەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی سەرێکانی سەرچاوەیان گرتووە، ئەمە جگە لە بنەماڵەکانی گوندەکانی ڕۆژئاوای تل تەمر و ناوچە گوندنشینەکانی زڕگان، لە سەرەتادا بڕیار بوو کاروانەکە ٣٧٠ خێزان لەخۆبگرێت، بەڵام هەندێک خێزان نەیانتوانی ڕێکخستنە لۆژستییە پێویستەکان تەواو بکەن.

 

تا ئێستا ژمارەی خێزانانەکانی کۆچبەری سەرێکانی کە گەڕاونەتەوە ناوچە ڕەسەنەکانیان، گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ خێزان، هاوکات نزیکەی ١٠ هەزار کۆچبەر هێشتا چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ سەر ماڵ و گوندەکانیان، دوا کاروان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە شێوەی دوو گەشتدا بەڕێکەوتبوو.