"'تیرۆرکردنی سێ ژنی پێشەنگ هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی ئیرادەی ئازادی ژنان"

ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، کە لە پاریس تیرۆر کران، میراتێکیان بۆ هەر ژنێک بەجێهێشت کە لە پێناو گەیشتن بە ئازادییەکەیدا خەبات و بەرخۆدان بکەن.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- ژنانی شاری کۆبانێ لە هەرێمی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس، لە هەر یەک لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆر کران، دووپاتیان کردەوە، هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس درێژکراوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەرن، کە هێز و خەباتی شۆڕشگێڕیی ژنانی کوردی کردووەتە ئامانج.

 

"ساکینە جانسز، ئەو ئازادیخوازەی کە جێپەنجەی خۆی لەسەر بزووتنەوەی ژنانی کورد بەجێهێشت"

ساکینە جانسز ناسراو بە سارا لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری دەرسیم لە باکوری کوردستان لە دایکبووە، خەڵکی شارەکەی بە دەستی دەوڵەتی تورک کەوتنە بەر جینۆساید و کۆمەڵکوژی و دوایین کۆمەڵکوژیش کە لە ساڵی ١٩٣٨ ئەنجامدرا بە کۆمەڵکوژی دەرسیم ناسرا.

 

ساکینە جانسز لە ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە کردووە و یەکەم ژنە پێشەنگی بزووتنەوەکە بووە، زۆر کاری بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە و ژنان کردووە، هەروەها لە ڕێگەی کارەکانییەوە توانی ژنان ڕێکبخات و ئاراستەیان بکات بۆ ڕێگەی ڕاست و تێکۆشان.

 

لە وڵاتێک کە بانگەشەی ئاشتی و ئازادی دەکات، ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن"

ماجدە حەسون، ئەندامی کۆنگرە ستار لە هەرێمی فورات، وتی: یەکەمجار نییە کۆمەڵکوژییەک لە دژی گەلی کورد و بە تایبەت ژنانی کورد و ژنانی پێشەنگ و خۆڕاگری و سیاسەتمەدارانی شۆڕشی ژنان ئەنجام بدرێت و بکرێنە ئامانج، لە پاریس دوو کۆمەڵکوژی دژی ژنان ئەنجامدرا، لەو وڵاتانەی بانگەشەی دیموکراسی و ئاشتی دەکات، ساکینە جانسز لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کوژرا، ئەمەش دوای ئەو لێکنزیکبوونەوەیە سیاسییە هات کە لە نێوان فەرەنسا و بزووتنەوە دیموکراسیەکانی کورددا سەریهەڵدا، بۆیە تورکیا ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی کورد دەدەن.

 

سەبارەت بە بەردەوامبوونی دەوڵەتی تورکیا لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی ژنان، ماجدە حسون جەختی لەوە کردەوە کە "داگیرکاری تورکیا یەک دەرفەت بۆ پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد ناهێڵێتەوە، بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی پاریس ڕازی نابێت، کۆمەڵکوژییەکی دیکەی لە گوندی حەلنج لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، کە ئامانجی زەهرا بەرکال، ئەندامی کۆنگرەی ستار بوو لە هەرێمی فورات، بۆیە ئامانجی هەموو کۆمەڵکوژییەکان یەکە، کە بریتییە لە نەهێشتنی بەڕێوەبردنی ژنان".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ژنانەی کە لە پێناو دۆزی خۆیاندا خەبات دەکەن ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە، ساکینە جانسز یەکەم ژن بوو کە بەرگری لە ناسنامەکەی و دۆزی خۆی کرد، لە ڕێگەی ڕێپێوانێکی پڕ لە خەباتەوە بوو بە نمونە بۆ هەموو ژنێک و زنجیرەکانی کۆیلایەتی سەرەتا لە خۆی و پاشان لە هەموو ژن و گەلی کوردی بڕیەوە، ساکینە سەرەڕای ئەشکەنجە و گۆشەگیرییەی کە دەوڵەتی تورک لە زیندانی ئامەد بەسەریدا سەپاندیان، بە ئیرادە بوو بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی، بۆیە ئێمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ساکینە جانسز بە نمونەیەک دەزانین و بەردەوامین لە پەیڕەوکردنی ڕێبازەکەی.

 

"بۆ ئەوەی ئیرادەی ئێمە بشکێنن، ژنانی سیاسی و پێشەنگ دەکرێنە ئامانج"

فیدان دۆغان ناسراو بە ڕۆژبین لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٨٢ لە شاری ئەلبستان لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی گەنجیدا ڕووی لە فەڕەنسا کردووە و لەوێ خوێندنی تەواوکردووە، دوای ئەوە پەیوەندی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە کردووە و لە چەندین بواردا کاری کردووە، لەوانە ناوەندی زانیاری و کەرتی سیاسی لە پاریس، بە یەکێک لەو هەڵسوڕاوانە دادەنرێت کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی کوردستان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان.

 

نەسرە دەروێش، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە هەرێمی فورات وتی: لە کاتی باسکردنی خەبات و خۆڕاگری ژنان، نابێ ئەو کۆمەڵکوژییانەی لەبیر بکەین کە ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج، لە کۆمەڵکوژی دووەمی پاریسدا ئەڤین گۆیی تیرۆر کرا، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی ژنان بەڵگەیە بۆ ترس لە ئیرادەی ژنان، ئەو  کۆمەڵکوژییانەی کە لە دژی ئێمە ئەنجامدراون، ئەوە دەسەلمێنن کە وڵاتانی پیلانگێڕ و دەوڵەتی تورک لە دەسەڵاتی ژنان دەترسن، بۆیە هەموو ژنێک دەکەنە ئامانج و دەیکوژن، فیدان دۆغانیش کە لە بواری سیاسی و دیبلۆماسیدا خەباتی کردووە، میراتی شۆڕشێکی سیاسی بۆ هەموو ژنێک بەجێهێشتووە کە خەریکی کارە سیاسییەکان بووە.

 

"ئەوەی لەیلا شایلەمەز دەستی پێکردووە تەواوی دەکەین"

لەیلا شایلەمەز ناسراو بە ڕوناهی لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری مێرسین لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، بە ئامانجی پەرەپێدان و ڕێکخستنی گەنجان پەیوەندی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە کردووە و ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی گەنج لە ئەوروپا بووە.

 

نەدا شاهین، وتەبێژی یەکێتی ژنانی گەنج لە هەرێمی فورات وتی: لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسا کە بانگەشەی مرۆڤایەتی و دیموکراسی دەکات، هەواڵگری تورکیا توانی بە ئاسانی کۆمەڵکوژییەکی ترسناک لە دژی ساکینە جانسیز، فیدان دۆغان و لەیلا شیلەمەز ئەنجام بدات، ئایا مرۆڤایەتی لەو وڵاتانە لە کوێیە؟

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، فەرەنسا تاوانبارانی ئاشکرا نەکردووە، لەیلا شایلەمەز لە یەکێتی ژنانی گەنج لە ئەوروپا کاری کردووە و بەپێی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان زۆرترین ژمارەی گەنجانی ڕێکخستووە، گەنجان یەکێکن لە کاریگەرترین دروپەکان بۆیە دەکرێنە ئامانج، لەیلا شایلەمەز مێژوویەکی دوورودرێژی تێکۆشانی بۆ بەجێهێشتین بۆ گەیشتن بە هەموو ژنێکی بەرکەوتووی توندوتیژی و ئەشکەنجە، بۆیە ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە خەبات دەکەین.