دەوڵەتی تورک چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی باشووری کوردستانی بۆردوومان کرد

ئێوارەی دوێنێ دەوڵەتی تورک چەندین شوێنی لە باشووری کوردستان بۆردوومان کردو زیانی بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیان گەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشی داگیرکاری و بۆردوومان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیەو بەدەر لە بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان و چیاکان، شوێنی نیشتەجێبوونیش بۆردوومان دەکات و لایەنی پەیوەندیدارو حکموەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

 

ئێوارەی دوێنێ ٦ی کانوونی دووەم، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەند گوندێکیان لە باڵەکایەتی بۆردوومان کرد، کە ناوچەی ئاوەدانین و شوێنی نیشتەجێبوونن.

 

ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون هەریەک لە گوندەکانی چنێران و کنێرانن، لە سنووری وەرتێ و وەسان لە سنووری باڵەیانی سەر بە شارۆچکەی چۆمان لە باڵەکایەتییە و هەر دوو ناوچەکەش شوێنێکی ئاوەدانییە و دانیشتووانی تێدا نیشتەجێیە.

 

هەر ئێوارەی دوێنێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندی گەڵاڵەی سەر بە شارۆچکەی ماوەتی لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومانکرد.

 

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە نزمی بەسەر ئاسمانی بناری قەندیل و پشدەردا سووڕاوەتەوەو بۆردوومانی سنووری گوندەکانی پیرانە ڕەش و زێوکە و چیای جاسوسانی لە سنووری پشدەر کردووە.

 

بۆردوومانەکە بە جۆرێک بووە کە دانیشتووانی شارۆچکەی قەڵادزێ گوێبیستی دەنگی بۆردوومانەکە بوون، ترس و دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان دروستکرد.