هۆشداری لە دەرئەنجامە مرۆیی و ئاسایشییەکانی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستان دەدرێت
کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNHCR" زیادبوونی بەرچاوی گەڕانەوەی ئەفغانییەکان لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان بە بارودۆخێکی زۆر خراپدا ڕاگەیاند و هۆشداریشی دا لە دەرئەنجامە مرۆیی و ئاسایشییەکانی ئەم پرۆسەیە.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێرانەوە، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNHCR" ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٦٤٠ هەزار ئەفغانی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان لەو کاتەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران وادەی گەڕانەوەیان لە ٢٠ی ئاداردا دیاری کردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٣٦٦ هەزار کەس بە زۆرەملێ دیپۆرت کراونەتەوە، تەنها لە ٢٦ی حوزەیران نزیکەی ٣٦ هەزار و ١٠٠ کەس لە یەک ڕۆژدا سنوورەکانیان بەزاندووە، کە زۆرترین ژمارەی گەڕانەوەیان بووە لە یەک ڕۆژدا.
عەرەفات جەمال، نوێنەری ئاژانسەکە لە کابول کە لەم دواییانەدا سەردانی سنووری ئێران و ئەفغانستانی کردبوو، وتی: هەزاران ئەفغانی لە بارودۆخێکی سەخت و بێ ماڵ و حاڵدا دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان؛ ماندوو و برسی و ترسیان لە داهاتوویەکی نادیارە، زۆرێکیان بە تایبەت ژنان و کچان نیگەرانن لە سنووردارکردنی خوێندن و کار و ئازادییە کەسییەکان لە ئەفغانستان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNHCR" زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ئەفغانستانی لە ئێران و پاکستانەوە گەڕاونەتەوە ئەفغانستان، یان لە ساڵی ٢٠٢٥دا ناچاربوون بگەڕێنەوە.
ئاژانسەکە نیگەرانی خۆی لە دابەزینی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە دۆخەکە دەتوانێت ناسەقامگیری زیاتر بکات، پێویستمان بە کردەوەی بەپەلە هەیە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هاوکارمان بن لە وەڵامدانەوەی ئەم قەیرانە بە تەرخانکردنی هاوکاری خێرا، پاڵپشتی درێژخایەن، دابینکردنی بودجە بۆ گەڕانەوە و یەکخستنی بەردەوامی گەڕاوەکان زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئاوارەبوون و ناسەقامگیری ناوچەیی.
ئونچەر جەختی لەوەکردەوە کە گەڕانەوەی پەنابەران دەبێت خۆبەخشانە و پارێزراو و بە کەرامەت بێت، گەڕانەوەی زۆرەملێ نەک هەر پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکو دەتوانێت لێکەوتەی ترسناک بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەدا هەبێت.
لە ئێستادا تەنها ٢٣%ی بودجەی ئونچەر بۆ وەڵامدانەوەی دۆخی ئەفغانستان جێبەجێ کراوە، ڕێکخراوەکە داوا لە وڵاتانی بەخشەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بودجەی زیاتر پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی دەستبەجێ بتوانن و ئاسانکاری بکەن بۆ یەکخستنی سەرکەوتووانەی گەڕاوەکان لە ئەفغانستان.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچکردن، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٧٧ هەزار کۆچبەری بێ بەڵگەنامەی ئەفغانی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٨٨ هەزار هاوڵاتی ئەفغانی تەنیا لە نێوان ١٨ بۆ ٢٥ی حوزەیران، بەبێ مۆڵەتی نیشتەجێبوون دیپۆرت کراون.