چین: بێلایەنی چالاک یان دەستوەردانی بێدەنگ؟
ئایا هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل چین بەرەو قەیرانێک پاڵدەنێت کە نەک تەنها ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی، بەڵکو مەترسی لەسەر ڕێگای ئاوریشم و ڕێکخستنی جیهانییەکەی دروست بکات؟

شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ-لەگەڵ هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ٢٢ی حوزەیران و دواتر ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە بە ناوی واشنتۆن، چین وەک یەکێک لە زلهێزەکانی ناوچەکە هیچ نهێنیەکی لە نیگەرانییە قووڵەکانی خۆی لە پەرەسەندنی ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەشاردەوە. لە ڕوانگەی ئابووری و جیۆستراتیژیکەوە، مەترسی لەسەر دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا و ژێرخانی وزەی ئێران نەک هەر ئاسایشی وزەی چین دەکاتە ئامانج، بەڵکو ئایندەی بازرگانی جیهانی و گەشەی ئابووری پەکین دەخاتە مەترسییەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دواتر ئاگربەستێکی هێمای، چین وەک یاریزانێکی سەرەکی دەرکەوت کە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی.
بەپێچەوانەی ئەمەریکا کە هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئیسرائیلە، یان ڕووسیا کە پەیوەندیی ئاڵۆز و گۆڕانی لەگەڵ هەردوولا هەیە، چین هەڵوێستێکی وریا و فرە ڕەهەندی گرتۆتەبەر، کە بەتەواوی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییە درێژخایەنەکان دامەزراوە. پێشەنگایەتیەکانی پاراستنی سەقامگیری ڕێڕەوی بازرگانی و گەشەپێدانە، لەم ڕوانگەیەوە مەترسی لەسەر پڕۆژەی پشتێن و ڕێگا یەکێکە لە نیگەرانییە بەرچاوەکانی پەکین، ئێران بە پێگەی جوگرافیای سەرەکی لە دڵی ناوچەکەدا، یەکێکە لە ناوەندە لۆجستییە گرنگەکانی ناو ئەم دەستپێشخەرییە چینییە.
لەڕاستیدا سێ ڕێڕەوی ستراتیژی سەرەکی هەن کە چین پشتیان پێدەبەستێت و شەڕ دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەریان هەبێت:
ڕێڕەوی چین-ئاسیای ناوەڕاست-ئێران-تورکیا-ئەوروپا، کە بەشێکە لەو ڕێڕەوی وشکانی کە بە ئێراندا تێدەپەڕێت، تێیدا ئێران ڕۆڵی گرنگی پردێک دەگێڕێت کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ڕێڕەوی هیندستان- کەنداو-ئێران-ئاسیای ناوەڕاست: ناسەقامگیری لە ئێران ئەم پەیوەندییەی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کیشوەرەکە لاواز دەکات.
ڕێڕەوی وزەی ئێران – چین: بەو پێیەی چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێرانە، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ئێران و بەندەرەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی وزەی چین دەبێت.
بەم پێیە چین وەک گەورەترین هاوردەکاری وزە لە جیهاندا، پشت بە ئاسایشی ناوچەی کەنداو دەبەستێت، ئەگەر ململانێی سەربازیی نێوان ئێران و هێزەکانی ئیسرائیل، بەتایبەتی بە ڕۆشنایی هێرشی ئەمریکا و دواتر ئاگربەستی هێمای، پەرە بسێنێت بۆ شەڕێکی درێژخایەنی ناوچەیی، یان ئەگەر تێپەڕینەکانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز ناپارێزراو بن، ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی نەوتی جیهانی و زنجیرەکانی دابینکردنی وزەی جیهانی دەبێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە چین دژی پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، بەو پێیەی هەڕەشە لە بازاڕەکانی هەناردەکردنی چین دەکات لە ئەوروپا و ئاسیا، تێچووی گواستنەوەی دەریایی و وشکانی بەرز دەکاتەوە، زنجیرە بەرهەمهێنانی چینی لاواز دەکات، هەروەها فشار لەسەر دراوی چینی (یوان) و ڕێژەی گەشەی ئابووری چین زیاد دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا ڕێبازی دیپلۆماسی چین لەسەر بنەمای بێلایەنی زیرەک و خواستی ڕۆڵی نێوەندگیری دامەزراوە. بە پێچەوانەی هەڵوێستی گشتی و ڕوونی ئەمریکا، چین هەڵوێستێکی لایەنگریی نەگرتووەتەبەر، بەڵکو هەوڵدەدات خۆی وەک هێزێکی جیهانی هاوسەنگ و ناوبژیوانێکی بێلایەن پیشان بدات. ئەزموونی ئەم دواییەی لە ئاسانکاری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، هێزێکە کە پشتیوانی لەم ڕۆڵە نوێیە دەکات.
پەکین ئامادە نییە پاڵپشتی ڕاستەوخۆ بۆ هەر لایەنێک لە شەڕەکەدا بکات، بەڵام بە ڕوونی بەردەوامییەکەی بە زیانبەخش بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەزانێت.
لە ڕاگەیا.دراوێکی فەرمیدا کە وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگدا بڵاویکردەوە، پەکین جەختی لەسەر پێویستی خۆگرتن لە هەموو لایەنەکان کردەوە، داوای چارەسەری ئاشتیانە لە ڕێگەی گفتوگۆ کرد، تەنانەت ئەگەر ئەم هەڵوێستە ڕووکەش دەربکەوێت، لەگەڵ سیاسەتی گشتیی پەکین یەکدەگرێتەوە کە ئامانج لێی تێکدانی دەسەڵاتی ئەمریکایە لە ناوچەکە و چەسپاندنی وێنەی خۆی وەک هێزێکی ئاشتیخوازی جیهانی.
لە ساڵانی ڕابردوودا چین ڕێکەوتنە درێژخایەنەکانی وەک ڕێکەوتنی هاوکاریی هەمەلایەنەی ٢٥ ساڵە لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئامادەیی ئابووریی خۆی لەوێ، هەرچەندە وردەکارییەکانی ئەم ڕێکەوتنە بە تەواوی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بوارەکانی وەک ژێرخانی ئابووری، وزە، گواستنەوە و تەکنەلۆژیا دەگرێتەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان لە ئێران، وەبەرهێنانەکانی چین لە مەترسیدایە، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە کۆمپانیا چینییەکان لە پڕۆژەکانی بیناسازی و نەوت بکشێنەوە، هەروەها هاوکارییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیمە و گواستنەوەی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە ڕابگرن.
بە کورتی هەڵوێستی چین سەبارەت بە شەڕەکە ڕەنگدانەوەی تێکەڵەیەک لە چەندین ڕەچاوکردنە، پێویستی بە ئێران هەیە وەک هاوبەشێکی وزە و بەشێک لە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا، لە هەمان کاتدا پەیوەندی قووڵتری ئابووری و تەکنەلۆژی لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزێت وەک لەوەی لەگەڵ ئێران هەیەتی، لەم چوارچێوەیەدا نیگەرانی چین لەسەر ناسەقامگیری ناوچەیی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سیستەمی بازرگانی جیهانییە.
بۆیە هەوڵدەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسی کارا و ئامڕازی ئابوورییەوە ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕەکە بکات، هەروەها هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک "دەسەڵاتێکی ڕێکخستن و دژە شەڕ" چەسپێنێت، بەڵام ئەگەر شەڕەکە فراوانتر بێت و مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆریدۆرەکانی وزە و دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا دروست بکات، ڕەنگە پەکین ناچار بێت سیاسەتەکانی ڕێکبخات و تەنانەت ڕەنگە خۆی لە ململانێی جیۆپۆلەتیکی گەورەتردا ببینێتەوە.
هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، یەکێک لە دووفاقییە ئاڵۆزەکانی بەردەم پەکین لەم قەیرانەدا، بەڕێوەبردنی پەیوەندی دووانەی خۆی لەگەڵ هەردوو ئێران و سوپای ئیسرائیل، چین پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەم دووەمیان پێشکەوتووە، بەتایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و ژێرخانی ئابووری و داهێنان لە بواری زیرەکی دەستکرددا.
زۆرێک لە کۆمپانیا چینییەکان بەشدارن لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە ناوخۆی ئیسرائیل، لەوانە دروستکردنی بەندەرەکانی حەیفا و ئەشدۆد، هاوکاری ئەکادیمی لە بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و وەبەرهێنان لە کۆمپانیا دەستپێشخەرەکانی ئیسرائیل.
لە بەرامبەردا ئێران هاوپەیمانێکی جیۆپۆلەتیکی گرنگە بۆ چین لە ڕۆژئاوای ئاسیا و نوێنەرایەتی خاڵێکی گواستنەوەی گرنگە بۆ دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا، دوژمنایەتی ئاشکرای ئێران لەگەڵ ئەمریکا، وای لێدەکات ببێتە بەرپەرچدانەوەی واشنتۆن بۆ پەکین.
بۆیە چین هەوڵدەدات هاوسەنگییەکی ناسک لە نێوان دوو هاوبەشی ستراتیژیدا بپارێزێت، هەڵوێستێک کە لە بنەڕەتدا قورسە و ئەگەر شەڕەکە فراوانتر بێت، دەتوانێت نزیک بێت لە مەحاڵ. چین بە تەواوی ئاگادارە کە هەر ململانێیەکی سەربازیی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت بیانوویەک بۆ ئەمریکا لە گەڕانەوەی بەهێز بۆ ناوچەکە دابین بکات کە ئەمەش ناکۆکی لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی چین دەبێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چین هەوڵی داوە بۆشایی کشانەوەی وردە وردەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی دیپلۆماسی ئابوورییەوە پڕ بکاتەوە، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەتوانێت ناتۆ و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا بگەڕێنێتەوە ناوچەکە، ئەمەش پێشبینی پێشبڕکێیەک بۆ کاریگەربوون دەکات کە پەکین نایەوێت و هەڕەشەیەکی درێژخایەن بۆ سەر ئاسایشی بازرگانی چین لە ناوچەیەکدا دروست بکات کە لە ناوەڕۆکی جیۆپۆلەتیکی وزەی جیهانیدایە.
بۆیە ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت، چین ڕەنگە لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فشاری دیپلۆماسی زیاتر دروست بکات، یان بچێتە ناو هاوبەشی نوێی نێوەندگیری لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و یاریزانانی دیکەی ناوچەکە، ڕەنگە هەوڵی چەسپاندنی وێنەی خۆی وەک "پارێزەری ئاشتی جیهانی" لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی نێودەوڵەتییەوە بدات.
هەروەها چین ڕەنگە ڕێگەی جێگرەوە بۆ هاوردەکردنی نەوت لەبەرچاو بگرێت بۆ ئەوەی ئاسایشی وزەی خۆی مسۆگەر بکات، لەگەڵ سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە شەڕی ئۆکرانیا، ئاسیای ناوەڕاست وەک تاکە بژاردەی بەردەست لە ئێستادا دەمێنێتەوە.
چین نایەوێت ئەم شەڕە پەرەبستێنێت و ببێتە ململانێیەکی ناوچەیی فراوانتر، بەو پێیەی ئاسایشی وزە و سەقامگیری ئابووری و توانای بەردەوامبوونی ڕێگا بازرگانییە ستراتیژییەکانی هەموویان لە مەترسیدان، هەرچەندە هەڵوێستی فەرمی پەکین "بێلایەنی چالاک"یە، بەتایبەتی بە ڕۆشنایی هەژموونی ئەمریکا، بەڵام بەرژەوەندییەکانی چین پێویستی بە کردەوەی شاراوە هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ڕێگا بازرگانییەکان.
لەڕاستیدا چین تەنیا چاودێرێکی ململانێکان نییە، بەڵکو یەکێکە لە قوربانییە مەترسیدارە بەرچاوەکان ئەگەر بەردەوام بێت و فراوانتر بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پێگەی چین لەم ململانێیەدا لە ڕەچاوکردنی ئایدیۆلۆژی و سەربازییەوە سەرچاوە ناگرێت، وەک ئەوەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هەیە، بەڵکو لە سێ پایەی ستراتیژییەوە سەرچاوە دەگرێت: دەستەبەرکردنی دابینکردنی وزەی سەقامگیر لە کەنداو و ئێرانەوە، درێژەدان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی هەژموونی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکی بۆ دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- هەژموونێک کە ناکۆکە لەگەڵ دیدگای چین بۆ فرە جەمسەری ڕێکخستنی جیهانی.
بۆیە هەر شەڕێک کە هەڕەشە لە ڕێکی ناوچەکە بکات، بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی چین دەخاتە مەترسییەوە، ناسەقامگیری لە ئێران و دەستەبەرنەکردنی بەردەوامیی پڕۆژەکانی وزە و ژێرخانی، پێگەی چین وەک هێزێکی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی بەرزبووەوە لاواز دەکات.
چین بە پێچەوانەی ڕووسیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کاریگەری نەرم و دیپلۆماسی ئابوورییەوە قەیرانەکە بەڕێوە ببات، بەڵام ئەگەر ئەم ئامرازانە لە بەرامبەر پەرەسەندنێکی درێژخایەندا شکست بهێنن، ڕەنگە پەکین ناچار بێت بەشداری لە کردەوەیەکی هاوسەنگکردنی ئاڵۆزتر و قورستردا بکات.
لە کۆتاییدا چین خۆی لەم ململانێیەدا دەبینێتەوە کە ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە لەسەر ڕێگای ڕۆڵی "گەرەنتیکاری سەقامگیری جیهانی"، قەیرانی ئێستا نەک هەر هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات، بەڵکو ئاڵەنگاری بۆ متمانەپێکراوی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ڕێکخستنی جیهانی سەرهەڵداودا دروست دەکات.