ئاوارەکانی عەفرین هاوینێکی سەخت تێدەپەڕێنن

ئازاری ئاوارەکانی عەفرین لە کامپەکاندا لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر دەبێت، بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە دوای گەمارۆی حکومەتی دیمەشق و پچڕانی ئاو، نەخۆشی لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- لە پاش ئەوەی دەوڵەتی تورکیا عەفرینی داگیر کرد و خەڵکی مەدەنی ئاوارەبوون، لە کامپی ئاوارەکانی شاری شەهبا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، کامپەکان پێداویستییە سەرەتاییەکانی تیادا نییە و ئاو بە زەحمەت دابین دەکرێت ئەمەش بووەتە کێشە بۆ هاوڵاتیان، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا پەتا و نەخۆشی جیاواز زیاد دەبێت.

 

"تیشکی خۆر کاریگەری خراپ لەسەر ژیانی ئاوارەبووەکان دروست دەکات"

هەدیات شەوکەت، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کامپی بەرخۆدان لە شاری شەهبا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، ماوەی حەوت ساڵە خەڵکی ئاوارەی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا، کە لە کامپی بەرخۆدان دەژین، کامپەکانی کانتۆنی شەهبا بەهۆی ئەو گەرما زۆرەی کە هەیە، دانیشتوانەکەی تووشی نەخۆشی جیاواز بوون، لە وەرزی زستانیشدا بەهۆی بارانی بەردەوام و سەرماوە گیانیان لە مەترسیدایە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە چادرەکانی ئەمڕۆ بەهۆی تیشکی بەهێزی خۆر و بارانبارینی زۆرەوە کۆن بوون، ژیان لە ژێر چادرەکاندا لە هاویندا قورسە، گەرما و ژیان لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی و ئاڵۆزی بۆ سەر ژیانی ئاوارەکانی ناو کامپەکان بەتایبەت بۆ منداڵان و کەسانی بەساڵاچوو، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی زۆر بۆ ژنانی نیشتەجێی کەمپەکان.

 

" ڕێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێدەنگیان هەڵبژاردووە"

دەربارەی کەمی ئاو  و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی ئاوارەکان دەبێتەوە، هەدیات شەوکەت ئاماژەی بەوەدا، لە وەرزی هاویندا ئاو بە گرنگترین شت دادەندرێت و بەکارهێنانی زۆرە بەتایبەت بۆ ئاوارەکانی ناو کامپەکان، بەو پێیەی بەردەوام لە گەرمادا ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام ڕێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبری دابینکردنی ئاوی زیاتر بۆ ئاوارەکان، هیچ هەڵوێستێکیان بۆ باشترکردنی دۆخی ئاوارەکان نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر زەوییەکانی عەفرین و ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە دانیشتوانەکەی ناچاری کردوون ئاوارە ببن، ئەوە نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن و واز لە داخوازییە مرۆیی و دیموکراسییەکانیان بهێنن، دڵنیاییدا کە لە بەرخۆدان و خەبات بەردەوام دەبن.

 

"سەرەڕای قورسی ژیان بەرخۆدان دەکەین"

ئامینە محەمەد، هاوڵاتییەکە و ڕوونیکردەوە، ئەو گۆڕانکارییەی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر خەڵکی ئاوارەی کانتۆنی عەفرین هەبووە لە ٧ ساڵ پێش ئێستا تا ئەمڕۆ، هەروەها ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی خەڵک هەبووە، هەرچەندە هاوڵاتیان خوویان بەوە گرتووە لەناو باخەکانی ماڵەکانیان و بۆنی سروشت ژیان بکەن، بەڵام ئێستا کەوتوونەتە ئەو ژیانە سەختەوە، سەرەڕای ئەوەش بەردەوامن لە بەرخۆدان.

 

"داواکارین دەوڵەتی تورکیا لە خاکەکەمان بچینە دەرەوە"

فاتمە ئەحمەد، کە بەدەست بەرزی پەستانی خوێن و چەندین نەخۆشی دیکەی جەستەییەوە دەناڵێنێت، وتی: لە ڕابردوودا لەسەر خاکی خۆمان، هەستمان بەو گەرمایە نەدەکرد، وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەستی پێدەکەین، ژیان لەسەر خاکی خۆمان و دایک و باپیرە و بینینی گەشەی دار و میوەمان دەبینی، هەستمان نەدەکرد ڕۆژ و ساڵەکان چۆن تێدەپەڕن، بەڵام ئاوارەبوون و داگیرکاری دۆخی سەختی ژیانی نیشانداین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارییەکانیان بۆ ماوەی حەوت ساڵ تا ئەم ساتەوەختە دوورخستنەوەی داگیرکەری تورکیایە لە خاکەکانی عەفرین و گەڕاندنەوەی گەلەکەیەتی بۆ سەر ماڵ و خاکەکانیان بە سەلامەتی و ئارامی، ئەو داواکاریانەش هێشتا لە گرنگترین داواکارییەکانیانن و ناگۆڕێن.