لە سەرای ئازادی پێشەنگایەکی کاری دەستی ژنان کرایەوە

لە سەرای ئازادی شاری سلێمانی پێشەنگایەکی کاری دەستی بۆ ژنان کرایەوە، کە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی بازاڕی فرۆشی بەرهەم و کارە دەستییەکانیان.

سلێمانی

 

ڕێکخراوی گەشەپێدانی کلتوور لە بەرواری ٢٢ و ٢٣ی مانگی ئایاردا لە سەرای ئازادی شاری سلێمنای پێشەنگایەکی بە مەبەستی بوار ڕەخساندن بۆ ژنانی خاوەنکاری سەربەخۆ بۆ فرۆشتنی کاڵاکانیان کردەوە، کە ژنان لە چەندین ناوچەی سنووری سلێمانی و قەڵادزێ و شار و شارۆچکەکانی دیکەوە بەشدارییان تیادا کرد.

 

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کردنەوەی ئەم جۆرە بازاڕانە ڕوو لە زیادبوونە و سودی بە فرۆشیار و کڕیارەکان گەیاندووە، بە جۆرێک کە هەندێک جار لە مانگێکدا چەند جارێک لەم پێشەنگایانە دەکرێتەوە کە ژنان بە کاری دەستی و خواردن و بەرگدرووی و کاری جیاوازەوە بەشداری دەکەن.

 

"ئێمەی ژنان دەبێت پشت و پاڵنەری یەکتر بین"

سەمیرە ساڵح، سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی کلتوور، دەڵێت: ساڵانە دوو جار بۆ سێ جار ئەم بازاڕانە دەکەینەوە بۆ ژنان، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو هەلی کار لە کوردستان بەرەو داڕووخان ڕۆشتووە، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوانەی لە ماڵەوە کار دەکەن یان ئیشی ئۆنلاین دەکەن کە بازاڕیان بۆ بکەینەوە، جوانی پێشەنگاکەش لەوەدایە لە چەندین شوێنی دوور و نزیکەوە ژنانمان هێناوە لێرە کارەکانیان بفرۆشن، بەشداریکردنیش بێ بەرامبەرە، هەمیشە ڕێکخراوەکەمان بەو شێوازە کاری کردووە، چونکە ئێمەی ژنان دەبێت پشت و پاڵنەری یەکتر بین و کاریگەریمان هەبێت، نرخەکانیشیان گونجاوە و بە هۆی ئەوەی ئێمە کرێی شوێنیان لێ وەرناگرین، فرۆشیارەکانیش بە نرخێکی کەمتر کاڵاکانیان دەفرۆشن.

 

"وەک خاوەن پێداویستی تایبەت زۆر سوودمان لەم پێشەنگایە دیوە"

سەوزە مەعروف، فرۆشیار لە شاری سلێمانیەوە، دەڵێت: هەموو کارێک قورسە بەڵام کە فێری ببیت ئاسان دەبێت، ئێمەش وەک خاوەن پێداویستی تایبەت سوودمان زۆر لەم پێشەنگایانە دیوە، بۆ ڕێکخراوەکەشمان سوودی هەبووە کە (ڕێخراوی ڕۆشنایی دڵە)ە، هەموو پێداویستیەکانی ئێرەش بێ بەرامبەر دەدرێت پێمان، من جانتا دەچنم و گوڵ و بازنیش دەچنم، ژنانیش لە چوارچێوەی ماڵێکدا نەمێننەوە و بێن کار بکەن.

 

شەهلا کەمال، فرۆشیار لە شاری هەڵەبجەوە، وتی: ئەم فێستیڤاڵانە بە ڕادەیەکی زۆر باش یارمەتیدەر بووە و گەر ماوە ماوە بکرێتەوە، فرۆشیشمان باشە و سوودی ماددی بۆمان هەیە، چونکە شوێنەکەی نزیک بازاڕە و لەبەرچاوە، ژنانیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە، گەر کاری خۆیان هەبێت و کاڵاکانیان بفرۆشنەوە زۆر باس دەبێت.