دوای ئازادکردنی خلود باشراحیل جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە

دەسەڵاتدارانی شاری موکەلای پایتەختی حەزەڕمەوت، دوای ئازادکردنی نمایشکار خلود باشراحیل و هاوژینەکەی، دووبارە دەستگیریان کردنەوە و ناچاریان کردن بەڵێننامەیەک واژوو بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لەو پیشەیە.

یەمەن

 

لەئەنجامی بڵاوکردنەوەی وێنە بەبێ حیجاب و عەبا، دەسەڵاتدارانی یەمەن، نمایشکاری جلوبەرگ خلود باشراحیل و هاوژینەکەیان دەستگیرکرد، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوەو بە پێشێلکردنی ماف و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان دادەنرێت.

 

دوێنێ ٢٤ی حوزەیران، سەرچاوەیەک پشتڕاستیکردەوە کە خاڵێکی ئەمنی لە شاری موکەلای پایتەختی حەزەڕمەوت، خلود باشراحیل و هاوژینەکەیان دوای چەند ساتێک لە ئازادکردنیان دووبارە دەستبەسەر کردووەتەوە و گەڕاندویانەتەوە بۆ زیندان.

 

خلود باشراحیل و هاوژینەکەی لە ڕێگادا بوون بۆ ماڵەوە بەڵام دەستگیرکرانەوەو گەڕێنرانەوە بۆزیندان، ئەمەش لە کاتێکدا پۆلیس خلود باشراحیل و هاوژینەکەی ئازادکردبوو دوای ئەوەی ناچاری کردبوون بە واژووی بەڵێننامەیەکی نووسراو بکەن کە چیتر کاری نمایشکاری نەکەن.

 

ڕێوشوێنەکانی دیکە بریتیین لە سنووردارکردنی ئازادیی بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خستنەڕووی ژیانی خۆیان لەناو ئەو تۆڕانەدا.

 

نورە جروی، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ ئاشتی لە یەمەن، لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوخەمی خۆی بۆ خلود باشراحیل و هاوژینەکەی دەربڕی و دەستگیرکردنیانی لەلایەن دەسەڵاتە خۆجێییەکانی شاری موکەلا شەرمەزار کرد .

 

هەروەها داوای لە پارێزگاری حەزەڕمەوت کرد بەپەلە هەوڵ بدات و ڕێنمایی خێرا دەربکات بۆ ئازادکردنی خلود باشراحیل و هاوژینەکەی بەبێ هیچ مەرجێک، هۆشداریشی لە ڕێبازی سیاسەتی حوسییەکان سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژنان و پێشێلکردنی شکۆی ئەوان دا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کارانە مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن و ئازادی ژنان بەرتەسک دەکەنەوە.

 

نورە جروی، جەختی لەوەکردەوە کە شاری حەزەڕمەوت شانازی مێژووی کۆن، شارستانیەت، هونەر و جوانییەکانە، نابێت ببێتە ناوچەیەک کە توندڕەوی، توندوتیژی و تیرۆری خەڵکی تیادا ئەنجام بدرێت.