ژنان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی گۆڕانکاری دیمۆگرافی کاردانەوەیان هەیە

ژنانی کۆچبەری عەفرینی دانیشتووی شەهبا ڕایانگەیاند، سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لە عەفرین بەڕێوە دەچێت، کولتوور و بوونی عەفرین بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لەناو دەچێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ و سەرەتای داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ کردار و سیاسەتی گۆڕانی دیمۆگرافی لەسەر ناوچەکە ئەنجام دەدرێن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بیانووی جیاوازەوە ڕاستیی داگیرکارییەکەی لە عەفرین دەشارێتەوە و لەژێر ناوی هاوکاری بۆ خەڵک، سیاسەتی گۆڕانی دیمۆگرافی جێبەجێ دەکات.

 

داگیرکەری تورکیا بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و نیشتەجێکردنی خێزانەکان لە دەرەوەی دانیشتووانی عەفرین و خێزانەکانی ئیدلب و باب و جەرابلوس و بنەماڵەی چەتەکانی خوتا، سیاسەتی جینۆساید دژی گەلی ناوچەکە و بوونی ئەو شارە بەڕێوەدەبات، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا، زیاتر لە ٤٢ یەکەی نیشتەجێبوون لە عەفرینی داگیرکراودا هەن، لە سەرانسەری گوندو شارۆچکەکانی کانتۆنی عەفرین بینا و کامپ دروستکراون، ئەمەش بە هاوکاری کۆمەڵەکانی کوەیت، قەتەر و فەڵەستین، عەرەب ٤٨ ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ ئەوەدا ڕۆژانە مێژووی عەفرین لەناو دەبات و داگیرکاری خۆی لەوێدا دەسەپێنێت.

 

سەبارەت بە سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین، ژنانی عەفرین کە ڕوویان لە کامپی بەرخۆدان کرد لە شەهبا، قسەیان بۆ کردین.

 

"سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێم جێبەجێ دەکەن"

 شەهینازعومەر ئاماژەی بەوەدا، داگیرکاری سیاسەتی گۆڕانی دیمۆگرافی و جینۆساید لە عەفرین زیاد دەکات و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک سیاسەتی جینۆساید و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە زیاد دەکات، دەیەوێت داگیرکارییەکەی لە عەفرین بسەپێنێت، ناوچەکەو مێژووی عەفرین لەناو دەبات، ناوی عەفرین دەگۆڕێت و ناوی تورکی لە شوێنی دادەنێت، عەفرین کە بە سروشتی خۆی ناسرابوو، ئێستا بووەتە شارێکی وشک لە وێرانکاری و لەناوچوونی مێژوویی، ناوچەکە بەشێکە لە خاکی سووریا، بەڵام ناسنامەی تورکی تێکەڵ بووە، پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەستوەردان بکەن، لە عەفرین ناسنامەی نەتەوەیەک لەناو دەچێت.

 

'کولتوور و بوونی هەبوونی عەفرین لەناو دەچێت"

زەکیە محەمەد ئەوەی خستەڕوو، دەوڵەتی تورک خەریکی تێکدانی ناسنامە و بوونی ناوچەکەیە لە عەفرین و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ئێستادا لە کامپەکاندا دەژین، چونکە شەهبا ناوچەیەکی بچووکە، بۆیە کامپەکان بە هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین دروستکراون، بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کامپەکانی لە عەفرین دروستکرد بە ئامانجی تێکدانی ناسنامەی ناوچەکە، خێزانەکانی دەرەوەی عەفرین دادەنێت و ژمارەی دانیشتووانی عەرەب و تورک لە عەفرین زیاد دەکات بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی کورد کەمببێتەوە، بە پاڵپشتی کۆمەڵەکانی قەتەر و کوەیت، یەکەی نیشتەجێبوون لە عەفرین دروست دەکرێت، هەروەها عەفرین بە جلوبەرگ و فەرهەنگی کوردی ناسراو بوو، ئێستا جل و بەرگی ڕەش و درێژ بەسەر خەڵکدا دەسەپێندرێت، بەتایبەتی بەسەر ژناندا و هێواش هێواش کولتووری ڕەسەنیان هەڵدەوەشێتەوە، لە تەنیشتی عەفرین، هەزاران ساڵە نەمام لە لایەن دایکان و نەنکەکانمانەوە چێندران و مێژووی ناوچەکەیان دەگێڕایەوە، بەڵام ئەردۆغان و چەتەکانی هەموو دار و میوەی عەفرین دەبڕن و دەسووتێنن، مانەوەمان لە شەهبا و لە کامپەکانی کۆچبەران بۆ هیوای گەڕانەوەی شەرەفمەندانەیە.