لە نێجیریا ژمارەی گیان لەدەستدان بە کۆلێرا گەیشتە ٩٤ کەس

لە نێجیریا ژمارەی ئەو کەسانەی لەمساڵدا بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩٤ کەس و ٢٠١ حاڵەتی کۆلێرا لە ماوەی مانگێکدا دەستنیشانکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

حاڵەتەکانی کۆلێرا لە نێجیریا کە یەکێکە لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا لە زیادبووندایە، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان "NCDC" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا ٢٠١ حاڵەتی کۆلێرا لە ٢٣ پارێزگای وڵاتەکە تۆمارکراوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا دوو هەزارو ٨٦٠ حاڵەتی کۆلێرا لە وڵاتەکەدا دەستنیشانکراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩٤ کەس، جگە لە نەبوونی ئاوی خاوێن لە وڵاتەکەدا، سوورێژەو ئیفلیجی دۆزراونەتەوە.

 

بەکتریای "ڤیبرۆ" کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە خۆراک و ئاودا دەبێتە هۆی بەدخۆراکی و لەدەستدانی ئاو لە لەشدا، ئەگەر ئەم نەخۆشییە چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی مردن.