کژار: وریشە مورادی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بێسەروشوێن کراوە

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، دەستگیرکردنی وریشە مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران و نەبوونی زانیاری لە بارەی شوێنی ناوبراو ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٦ی ئەیلوول، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد، هەموو ڕێکارە پێویستەکان لەبارەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی وریشە مورادی بگرنەبەر کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "١ی ئابی ئەمساڵ ئەندامێکمان لە کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار بە ناوی وریشە مورادی، بە ناسناوی ڕێکخستنی "جوانا سنە" کە بۆ ئەنجامدانی چالاکی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە لە نزیک شاری سنە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی وریشە مورادی، تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسی ناوبراوەوە نەخستووەتەڕوو، ئەمەش نیگەرانی خێزان و ڕێکخستنەکەمانی لەبارەی دۆخی جوانە سنەوە زیاتر کردووە، ئەوەش هاتووە، "لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاوڕێ جوانا سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە گیانی ئەندامەکەمان"، لە کۆتاییدا داواش لە ڕێکراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ کرا، هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن.

 

جێی ئاماژەیە، بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە ئێران و لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، کە بەشێکیان لە ماوەی شەستەکاندا ئەنجام دراون کە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسراوە و ئەمەش نیگەرانی خەڵک زیاتر دەکات سەبارەت بە چالاکوانانی سیاسی دەستبەسەرکراو.