دوای سێ ڕۆژ لە سووتانی ژنێکی گەنج بە سووتان گیانی لەدەستدا

لە شارەدێی باوەنوور لە سنووری گەرمیان ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵ بە سووتان گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شارەدێی باوەنوور سەر بە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕۆژی ٢٤ی تەمموز ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵ دوای هەوڵی خۆسووتاندنی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی کرا، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، دوێنێ، ٢٧ی تەمموز بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی زانیارییەکان ژنە گەنجەکە، دایک و باوکی لە یەکتر جیابوونەتەوە و کچەکە لە ماڵی باپیری ژیاوە، دوای ڕووداوەکەش باپیری (باوکی باوکی) دەستگیر کراوە.

 

جێی ئاماژەیە توندوتیژی و بەرزی ئاستی کوشتن و سووتانی ژنان، دەریدەخەن کە کۆمەڵگە لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دایە، کوشتن و سووتانی ژنان چەندە پێشینەی جیاوازای هەیە، بەڵام لە دوای ڕووداوەکە بە خۆسووتاندن و کێشەی کۆمەڵایەتی بێدەنگەی لێدەکر‌ێت، چەندە هەواڵی ژیان لەدەستدانی ژنان بڵاوببێتەوە، دەیان هێندە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و تاوانباران و هۆکارانی ڕووداوەکە دوور لە یاسا ڕزگاریان دەبێت.