لە شاری سنە سێیەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافەرانی کوردستان بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵی فۆتۆگرافەران بۆ جاری سێیەم لە کوردستان و بۆ جاری یەکەم لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.

سنە

 

لە گەلەری هونەری شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێیەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافەرانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە سێیەمین جارە لە کوردستان و یەکەمین جارە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕێکبخرێت.

 

مەهنا مەنوچەهری، فۆتۆگرافەری بەشداربووی پێشەنگاکە، خەڵکی شاری سنەیە و ماوەی دوو ساڵە کاری فۆتۆگرافەری دیکۆمێنتاری و سروشت دەکات و پرسەکانی زۆرتر ژنان، وتی: ئەم پێشانگایە بۆ جاری سێیەم لە کوردستان و بۆ یەکەمجاریش لە شاری سنە بەڕێوەچوو و بەرهەمەکانی پێشانگاکە جگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێنەی فۆتۆگرافەرانی باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیشی تیادایە و خەڵکێکی زۆر بەشداری پێشەنگاکەی کردووە.

 

هەرچەندە زۆرێک لە وێنەکان بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی ئیرشادی ئیسلامییان وەرنەگرت، نەیانتوانی لە پێشەنگاکەدا نمایش بکەن، بەڵام بەرهەمەکانی پێشەنگاکە بەسەر چوار بەشدا دابەشکرابوون کە بریتین لە سروشت، ژن، کولتوور و منداڵانی سەر شەقام بوون و وێنەکانی کولتووری چوار پارچەی کوردستان و نەورۆز و هەڵپەڕکێ و کاری دەستی و جلوبەرگی کوردی بینران.

 

پێشەنگاکە لە ١٨ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستیپێکردووە و تا ٢٥ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.