مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چەند زیندانییەکی ژن لە زیندانی قەرچەک هەیە
ژیلا بەنی یەعقوب مەترسی لەسێدارەدانی چەند زیندانییەکی ژن لە زیندانی قەرچەکی وەرامینی ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
ژیلا بەنی یەعقوب، ڕۆژنامەنووسی ئێرانی، باسی لە مەترسی لەسێدارەدانی چەند ژنی زیندانی، لە زیندانی قەرچەکی وەرامین کرد و ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە ژنانی زیندانیکراو لەم زیندانەدا بەهۆی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیرییەوە سزای "بەردبارانکردن"یان بەسەردا سەپێنراوە، "دادوەر ئەم سزایەی بە سزای لەسێدارەدان گۆڕیوە. ئەم ژنانە چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکەیانن، لە کاتێکدا زۆربەیان بێ بەشن لە مافی وەرگرتنی پارێزەر".
ڕژێمی ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لەو کەسانی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کراون.
زیندانی قەرچەک شوێنی دەستبەسەرکردنی ئەو زیندانیانەیە کە تاوان و تۆمەتی گشتییان لەسەرە و زۆربەیان بە بیانووی جۆراوجۆر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک زیندانی سیاسی بۆ ئەم زیندانە گواستراونەتەوە.