خۆبەڕێوەبەری داوای پاراستنی فرەچەشنی لە سووریا کرد

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ڕایگەیاند، کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا لە دژی عەلەوییەکان و سووتاندنی دارەکانی کریسمس لە حەما و حومس خزمەت بە بەرژەوەندی و داهاتووی سووریا ناکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بەهۆی ئەو پێشهاتە خێرایانەی لە سووریا ڕوودەدەن، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، باشترە بەرەو بنیادنانی ئەقڵیەتی سووریایەکی هاوچەرخ هەنگاو بنێین، هاوپشتی و یەکگرتوویی گەلی سووریا لە پەرەپێدانی مۆدێلێکی ئیدارەی نیشتمانی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی، پێویستییەکی مێژووییە"

 

هەروەها باسی لەوەشکردووە، فرەچەشنی سامانێکی مێژووییە لە وڵاتی سووریادا، بەهایەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم سەروەت و سامانەی کە پارتی بەعس لەناوی برد، ڕاستی سووریا و ناسنامەی ڕاستەقینەی دەردەخات، ئەو چالاکییانەی کە لە کەناراوەکانی سووریا دژی عەلەوییەکان و سووتاندنی دارەکانی کریسمس لە حەما و حومس ڕوودەدەن، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سووریا و داهاتووی سووریا ناکات. پاراستنی فرەچەشنی و سامانی نەتەوەیی سووریا بنەمایەکی گرنگە بۆ بنیادنانی سووریایەکی بەهێز.

 

خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپاتی کردەوە، پاراستنی فرەچەشنی لە سووریا و پێشێل نەکردنی سیمبول و دابونەریت، پێویستیەکی بەپەلەیە، پاراستنی مافی پێکهاتەکان و ئەرکێکی نیشتمانییە.

 

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، ڕێبازی چەواشەکارانە بۆ هەر بەشێکی سووریا کاریگەری نەرێنی دەبێت و خزمەت بە سەقامگیری ناکات. لەمە زیاتر شەڕ و ململانێی لێدەکەوێتەوە و یەکڕیزی سووریا تێکدەدات. چەندین ساڵە ئێمە لە ڕێگەی هێڵی خۆمانەوە لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، یەکگرتوویی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای بەشداریکردن، تێکۆشانی هاوبەش لە دژی هەموو ئەو پڕۆژانەی کە شەڕ و ململانێکان دەشارنەوە، بەرگریمان لە یەکگرتوویی کردووە.