ژنانی کۆبانێ: ئێمە پشتیوانی شەڕڤانانمانین
ژنان و دانیشتوانی شاری کۆبانێ لە بەرامبەر هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەڕەشەی هێرشەکانی ڕایانگەیاند، کە ئەوان بە بڕیارداری بۆ پاراستنی خاکی خۆیان تێکۆشان دەکەن.
ئێلڤین محەمەد
کۆبانێ- دوای هێرشەکانی چەتە بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری مەنبج لە ٨ی کانوونی دووەم، هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر شاری کۆبانێش زیادی کرد و هێرشیش کرایەسەر بەنداوی تشرین و لە خزمەتگوزاری دەرچوو، دانیشتوانی دەڤەری فورات بێ کارەبا و ئاو مانەوە. کاردانەوە و چالاکییەکان لە دژی ئەو هێرشانەی کە ڕوودەدەن و لە هەمان کاتدا هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە پلەی یەکەم دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو ئەو شوێنانەی کورد تێیدا دەژی، بەڕێوەدەچن، خەڵکی ناوچەکە بڕیاریان دا بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن لە بەرامبەر هێرش و هەڕەشەکان.
سەرەڕای هەموو سەختی و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان و بڕینی ئاو و کارەبا، هاوڵاتیانی کۆبانێ لەسەر خاکی خۆیانن و چەند ڕۆژێکە بەرگری لە شارەکەیان دەکەن. دانیشتووانی شاری کۆبانێش ڕایانگەیاند کە سوورن لەسەر پاراستنی خاک و شەرەف و بەرخۆدان دەکەن تا کۆتایی، پاڵپشتی لە بانگەوازەکەی هێزەکانی قەسەدە بۆ سەفەربەریش دەکەن.
"بەرخۆدانێکی مێژوویی بە پێشەنگایەتی یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە ئەنجام دەدرێت"
فاتمە خەلیل، خەڵکی شاری کۆبانێیە و ڕایگەیاند، تا کۆتایی پشتیوانی لە شەڕڤانانی یەپەگە و قەسەدە دەکات و دەڵێت: لە سەرەتاوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئیدانە دەکەین، کەس ناتوانێت ئیرادەی ئێمە بشکێنێت، ئەم گەلە خاوەن فەلسەفە و هێزە، ئێمە هەرگیز دەستبەرداری خاکەکەمان نابین. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت کوردی کۆیلە دروست بکات، بەڵام ئێمە دەڵێین کوردین، تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین، هیچ کەسێک ناتوانێت خاک و وڵاتەکەمان لێمان وەربگرێت.
"گۆڕستانەکانی شارەکەمان لە شار گەورەتر بوون"
فاتمە خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی ١٦ ڕۆژە لە پردی قەرقۆزاخ بەرخۆدان دەکرێت، شەڕڤانان تا کۆتایی بۆ خاکی خۆیان دەجەنگن، وتیشی: ئەمە ١٦ ڕۆژە شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە، قەسەدە لە پردی قەرەقۆزاخ، لە دژی هێرشەکان شەڕ دەکەن، ناهێڵن دوژمن بچێتە ناو خاکەکەمانەوە و ئێمە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین. هەمووان زۆر باش دەزانن کە شاری حەلەب لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کەوتە دەستیان. گەورەترین شاری دیمەشقیش بە هەمان شێوە. ئێمە ناهێڵین چارەنووسی ئێمە وەک چارەنووسی ئەوان بێت. ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین، تەنانەت خاکی خۆمانیش دەپارێزین. ئەوانەی قەسەدە ناناسن، پێویستە سەیری قەرەقۆزاخ بکەن، چۆن لە بەرەکانی شەڕدا بۆ خاکەکەیان شەڕ دەکەن. گۆڕستانەکانی شارەکەمان لە شارەکە گەورەتر بوونە، چونکە شەڕڤانانمان بۆ پاراستنی نیشتمانەکەیان گیانیان لەدەستدەدەن.
"بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ جارێکی تر بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەین"
نەسرین یوسف هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر گەلی کورد شەرمەزار کرد و وتی: هەرگیز خاکی خۆمان بەجێناهێڵین و پاشەکشە ناکەین. بەم هێرشانە بۆ سەر ئاو و کارەبا و نان و هەموو شوێنەکانی تر، دەیانەوێت هەرێمەکەمان چۆڵ بکەن و خەڵک ناچاری کۆچ بکەن. بێ ئاو و کارەبا دەبین، بەڵام بێ خاک و نیشتمان نابین. تا کۆتایی تێکۆشان بۆ خاکەکەمان دەکەین. ئێمە پشتگیری لە شەڕڤانانمان دەکەین، تا کۆتایی شەڕ دەکەین. ئێمە دەستبەرداری خاکی خۆمان نابین، وەک چۆن لە کۆبانێ بەرەنگاری داعش بووینەوە، ئێستاش بەرەنگاری دەبین و ئەو هێرش و هەڕەشەیانە لەناو دەبەین.