پەرتوکی "ئەز ئایشە شانم" تایبەت بە کارەکانی ئایشە شان چاپکرا

پەرتوکی "ئەز ئایشە شانم" کە تیایدا باس لە ژیان و بەرهەم و کارەکانی ئایشە شان، هونەرمەندی کورد دەکات، چاپکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد بەردەوامە لە کۆکردنەوە و چاپکردنی چەندان پەرتوک، کە فەرهەنگ، کولتوور، هونەری کوردیی لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان تێیدا دەپارێزرێت، لە دواین کاریشیاندا پەرتوکی "ئەز ئایشە شانم"یان بە چاپ گەیاندووە.

 

دەربارەی پەرتوکەکە، ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد نووسیویەتی: باسی ژیانی هونەرمەندی کورد ئایشە شان کراوە، زانیارییەکی زۆری لەخۆگرتووە لەسەر ژیانی خۆی و پیشەنگایەتی هونەری و گۆرانیەکانی، لەگەڵ چەند وێنە و بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە ژیانی ئایشە شان.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، پەرتوکەکە بە زمانی کوردی ئەلفبێی لاتینی نووسراوە، کە لەلایەن زەینەب یاش و حیلمی ئەکیۆل ئامادە کراوە.

 

ئایشە شان، لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان لەدایک بووە، یەکەم گۆرانیی بەناوبانگ "ئەز غەزالم" لە ساڵی ١٩٦٣ بڵاو کردووەتەوە، پاش ماوەیەک بە ئەلبومێکی کوردی- تورکی لەلایەن تەواوی کوردانەوە ناسراوە، لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٦ لە شاری ئیزمیر بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.