شازادە کۆیی: ڕێکخراوەکان سەر بە حزبن و کار بۆ پێگەیاندنی گەنج ناکەن

شازادە کۆیی چالاکوانێکە و باس لەوە دەکات، ئێستا ژنان و گەنجان کەمتر ڕوو لە ڕێکخراوەکان دەکەن، چونکە زۆربەی ڕێکخراوەکان سەر بە حزبن و ڕێکخراوەکەیان وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیامی حزبەکان بەکاردەهێنن.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- شازادە کۆیی، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، ماوەی ٥ ساڵ لە ڕێکخراوەکاندا کاری کردووە، باسی لە کەموکورت ڕێکخراوەکان کرد کە تا ئێستا نەیانتوانیوە لە ئاستی پێویستە ژنان و گەنجان پێبگەیەنن و هاوکارییان بکەن، چونکە سەر بە حزبن و بۆ بەرژەوەندی حزبەکان بەکار دەهێنرێن.

 

شازادە کۆیی، چالاکوانی مەدەنییە و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ڕێکخراوەکان دەستی ژنان و گەنجان ناگرن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنکار و پڕۆژەی خۆیان، سەرۆکی ڕێکخراوەکان نایانەوێت کەس لە خۆیان بەرزتر بێت، کاتێک دەزانن ژنان و گەنجان بەهرەیەکیان هەیە، دەیانخەنە شوێن و پێگەیەک کە تیایدا هێز و توانای خۆیان نەتوانن دەربخەن.

 

"لە خولەکاندا هەوڵی فێرکردن نادرێت و تەنها کات بەسەربردنە"

شازادە کە خۆی چەند جارێک بەشداری لە خولی ڕێکخراوەکاندا کردووە، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو خولانە کرد کە بۆ پێگەیاندن و بەهرەدارکردن دەکرێنەوە و وتی: زۆربەی ڕێکخراوەکان ئێستا خول دەکەنەوە و ژمارەیەکی زۆر خەڵک وەردەگرن، بڕە پارەیەکیش لە بەشداربووان وەردەگرن بە ناوی دابینکردنی پێداوستیەکان، بەڵام زۆرجار خۆمان پێداویستیەکان لەگەڵ خۆمان دەبەین وەک بەشداربوو، ماوەی خولەکانیش زۆر کەمە و ناتوانرێت تەواوی زانیاریەکان بۆ بەشداربووان بگوازرێتەوە، بۆ نموونە خولی فریاگوزاری سەرەتایی ناتوانرێت لە هەفتەیەک کەمتری بۆ دابنرێت، کەچی لە خولەکاندا ٣ ڕۆژی بۆ تەرخان دەکرێت، ژنان و گەنجانیش ئێستا کە ڕوو لە ڕێکخراوەکان دەکەن زیاتر لە کاتی پشوەکان دەچن، بۆ کات بەسەربردن و ناسینی هاوڕێی زیاتر.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ژنان و گەنجان کەمتر ڕوو لە ڕێکخراوەکان دەکەن، چونکە زۆربەی ڕێکخراوەکان سەربە حزبن، کار بۆ حزبە سیاسیەکان دەکەن و ڕێکخراوەکەیان وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیامی حزبەکان بەکار دەهێنن.

 

"هۆی سەرکەوتنی هەر وڵاتێک بەشداریکردنی ژنە لە پرۆژە و پرۆسە گرنگەکانی وڵاتدا"

هەروەها وتی: ئەو بڕوانامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی کە دەماندەنێ دوای کۆتایی هاتنی خولەکان،ناتوانین کاری پێبکەین و نابێتە هۆی دۆزینەوەی هەلی کار، تەنها بۆ بەهێزکردنی سیڤییە، من وەک ژنێک خاوەنی ٥٠ شەهادە و دەیان دەستخۆشیم، بەڵام نەمتوانیوە سودیان لێ ببینم و تاوەکو ئێستا خاوەنکاری خۆم نیم، بەڵکو وەک چالاکوانێکی سەربەخۆ پارێزگاری لە مافی ژنان و گەنجان دەکەم.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا شازادە کۆیی وتی: سەرەڕای ئەو خراپیانەی کە ڕێکخراوەکان هەیانە،چەند ڕێکخراوێک لە شاری کۆیە هەن شایەنی دەستخۆشین، ئەوانیش ڕێخراوەکانی ژنان کە توانا و هێزە شاراوەکەی ژنان نیشان دەدات و دەیانهێننە پێش و پشتی یەکتری دەگرن، لەگەڵ ڕێکخراوە خێرخوازیەکان کە خەڵکانی کەم دەرامەت، منداڵی بێ باوک و بێ هاوژینەکان بەسەر دەکەنەوە، پەیامم بۆ هەموو ڕێکخراوەکانی کۆیە ئەوەیە ئەوانیش چاو لەو ڕێکخراوە باشانە بکەن هێز و توانای ژن و گەنجان بەگەڕبخەن و پشت گوێیان نەخەن، چونکە هۆی سەرکەوتنی هەر وڵاتێک بەشداریکردنی ژنە لە پرۆژە و پرۆسە گرنگەکانی وڵات و بەگەڕخستنی توانای گەنجانە.