دەوڵەتی تورک سروشتی باشووری کوردستان تاڵان دەکات و ئامادەکاری بۆ هێرشیش دەکرێت

دەوڵەتی تورکیا هەموو ڕۆژێک پێشێلی ستاندارد و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و بە چەکی قەدەغەکراو و بە شێوەیەکی سیستماتیکی، هێرش دەکاتە سەر سروشتی کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورک بە چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان و سروشتەکەی تاڵان دەکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتووە، پاسەوانان و سەربازەکانی تورکیا لە ناوچەکانی سندی و ڕێکان لە بادینان لە پارێزگای دهۆک هەزاران داریان بڕیوە و دزیوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت کە پاسەوانانی گوندەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا دەیان تراکتۆر دار دەگوازنەوە بۆ خاکی باکووری کوردستان.

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، سوپای تورکیا بە هاوکاری هەندێک کەس و لایەن لە باشووری کوردستان، ئەو درەختانە دەپەڕێنێتەوە و بەرەو باکوری کوردستان دەپەڕنەوە، جگە لە تاڵانکردنی دارستانەکانی باشووری کوردستان، ڕۆژانە سەدان دۆنم دارستان و باخچەی هاوڵاتیان لە باشووری کوردستان دەسووتێندرێن بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیاوە.

 

لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و پەدەکە لە برادۆست ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر گەریلا و بە ناوی پاسەوانی سنوورەوە هێزێکی زۆریان بە چەکی قورسەوە بردووەتە ناوچەکە، تا کاتژمێر ٤:٠٠ی ئەم پاشنیوەڕۆیە مۆڵەتیان بە خەڵکی ناوچەکە داوە، کە چۆڵی بکەن و پێیان وتوون شەڕ ڕوو دەدات، بەم هۆیەوە نزیکەی دوو هەزار خێزان ئاوارەبوون.