بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کامپی هۆل کرا

دەسەڵاتدارانی عێراق داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد خێزانی چەتەکانی داعش، کە لە کامپی هۆل دەژین ڕەوانەی وڵاتەکانیان بکەنەوە و ڕایانگەیاند، کە کامپی هۆل تاکە کێشە نییە لە سووریا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە بەغدای پایتەختی عێراق کۆنفرانسێک سەبارەت بە کامپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، تیایدا بەرپرسانی عێراقی، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)ی عێراق، بەشێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی داعش و باڵیۆزی هەندێک وڵات بەشدارییان کرد.

 

"کێشەی کامپی هۆل بووەتە گرنگترین پرسی نیشتمانی بۆ عێراق"

بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەوڵەتی عێراق، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە وتارێکیدا ڕایگەیاندووە: چارەسەرکردنی کێشەی کامپی هۆل بووەتە گرنگترین بەرژەوەندی نیشتمانی بۆ عێراق، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، هەموو ئەو وڵاتانەی هاوڵاتییان لە کامپەکە دان، لە ماوەیەکی کەمدا بیاننێرنەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی کامپەکە دابخرێت، چونکە کامپەکە بووەتە بنکەیەکی ناوەندی مەترسیدار.

 

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە کۆنفرانسەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لە ماوەی هەفتەیەکدا عێراق پێنج هەزار و ٥٦٩ هاوڵاتیی خۆی لە کامپی هۆل وەرگرتووەتەوە.

 

نزیکەی ٢٥ هەزار عێراقی لەو کامپەدا دەژین

سەرەڕای گەڕاندنەوەی هاوڵاتی عێراقی لە کامپەکە، هێشتا نزیکەی ٢٥ هەزار عێراقی لەو کامپەدا دەژین و ئەم ژمارەیەش نزیکەی نیوەی دانیشتوانی کامپەکە دەبێت، ئەو کامپە کە ژمارەی دانیشتووانی ٧٣ هەزار کەسە و هەزاران هاوڵاتی سووری و عێراقیش گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام وڵاتانی دیکە دژی گەڕانەوەی هاوڵاتییانن، لە سەرەتای ئەم مانگەدا هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕایگەیاند ٥٠ چەتەی داعشی عێراقیان ڕادەستی بەغدا کردووەتەوە و ١٧٠ عێراقی دیکەش کە نیشتەجێی کامپەکەم دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

 

ڕاگەیەندرا کە داعش دادگایی دەکرێت

جوان مەلا ئیبراهیم، ​​هاوسەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، بەپێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، هەزاران چەتەی داعش لە ٦٠ وڵاتەوە کە لە زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادان، دادگایی دەکرێن .

 

لە کامپەکەدا ٨ هەزار ژن و منداڵی داعش لە ٦٠ نەتەوەی جیاوازەوە هەن

لە مانگی ئازاری ٢٠١٩، دوای ئەوەی چەتەکانی داعش لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیکەوە شکستیان پێهێنرا، دەیان هەزار چەتەیان گواسترانەوە بۆ کامپی هۆل، کە نزیکەی ٥١ هەزاریان  عێراقی و سووری بوون و زۆرینەیان ژن و منداڵن، لەنێویاندا هاوژینی چەتەکانی داعش هەن.

 

لەلایەکی دیکەی کامپەکەوە، نزیکەی ٨ هەزار ژن و منداڵ لە ٦٠ نەتەوەی جیاواز هەن، لایەکی دیکەش ئەو کۆچبەرانەن لە بەشێکی تری کامپەکەدا دەژین، کەسانێکن کە ماوەیەکی زۆرە لەژێر کاریگەری و کۆنترۆڵی چەتەکانی داعشدان.

 

جێی ئاماژئەیە پەروەردەکردنی منداڵ لەو کامپەدا لەسەر ئەقڵییەتی ڕێکخراوە تیرۆریستی داعش،  مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جیهان و مرۆڤایەتی، سەرەڕای ئەوەی داعش شکستی هێناوە، شانە نوستووەکان لە عێراق و سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە هێرشەکانیان، لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی کە لە کامپی هۆل ئەنجامدراون لە میدیاکانەوە باس دەکران.