٤٦ کەس کە ٢٣یان منداڵن لە کامپێکی ئاوارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ کوژران

گروپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر ناوەندێکی ئاوارەکراوان لە کامپی لالا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ و بەهۆیەوە ٤٦ کەس کوژران کە ٢٣یان منداڵ بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی میدیاکان، ئەندامانی "هاوپەیمانی بۆ گەشەپێدانی کۆنگۆ"، یەکێک لە گروپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتن و بە چەقۆ و چەکی ئاگرین هێرشیان کردە سەر کامپی "لالا" کە ٢٠ هەزار ئاوارە تێیدا نیشتەجێیە و کەوتووەتە پارێزگای ئیتور لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٥ کەس کوژران کە ٢٣یان منداڵن، هەروەها خواردنی پەنابەرانیش تاڵان کران.

 

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەڕێوەبەری خۆجێیی ناحیەی بەهیما باجیر، ژان ڕیچارد لینگا، ڕایگەیاندووە، "هێزە میلیشیاکان بە چەقۆ و چەکی ئاگرین ٤٦ کەسیان کوشتووە، کەسانی دیکەشیان لە ماڵەکانیاندا سووتاندووە".

 

ڕێکخراوی چاریتی بانزا، کە یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا ٤٦ کەس کوژراون و ڕەنگە تەرمەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بنێژرێن، شایەتحاڵێکیش ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٤٠ تەرمی بینیوە.

 

ئەمە یەکەمجار نییە، چونکە ئەم میلیشیایانە شەممەی ڕابردوو هێرشێکی دیکەیان بۆ سەر پۆستێکی سوپا دەستپێکرد و پێنج منداڵ و دوو ژنیان لە خاکی مەهاگی دراوسێی ئیتوری کوشت.

 

دوای دە ساڵ ئارامی، ململانێی خوێناویی لە پارێزگای دەوڵەمەند بە زێڕ لە نێوان هۆزەکانی هێما و لیندو لە ساڵی ٢٠١٧دا نوێ بووەوە و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو کەس و کوژرانی نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی.

 

بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لە هێرشەکانی کۆدێکۆ کە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات ئەنجامداوە، ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ کە سنوورەکانی لەگەڵ ڕواندا و ئۆگاندا و بوروندی دایە، زیاتر لە ٢٠ ساڵە گۆڕەپانی هێرش و پێکدادانی گروپە چەکدارەکانە، کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کێڵگەکانی زێڕ و کۆبالت دەدەن.