یونیسێف: لە ماوەی ٦ مانگدا ٢٨٩ منداڵ بەهۆی کۆچکردنەوە گیانیان لەدەستداوە

خراپی دۆخی ئەمنی هاوڵاتیانی ناچار بە کۆچکردن کردووە، لەو ڕێگەیەشدا ژمارەیەکی زۆر منداڵ گیان لەدەست دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەیدا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئامارەکان لەم ساڵدا لانیکەم ٢٨٩ منداڵ لە ڕێگەی کۆچکردن بۆ پاراستنی ژیانیان لە دەریای ناوەڕاست لە باکووری ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە یان دیارنەماون.

 

 

فیرینا کناوس، بەرپرسی دۆسیەی کۆچ و ئاوارەبوون لە یونیسێف، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕوونیکردەوە، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٢٨٩ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، کە یەکسانە بە مردنی ١١ منداڵ لە هەفتەیەکدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ نزیکەی ١١ هەزار و ٦٠٠ منداڵ لە باکووری ئەفریقاوە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا و زۆربەیان بەتەنها و بێ خێزانەکانیان بوون.

 

فیرینا کناوس ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەم ژمارانە بەهۆی ململانێکانی سودان و کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و ململانێکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەفریقا و ئەفغانستانەوەیە.

 

لەهەمان چوارچێوەدا جەختکراوەتەوە، کە منداڵان بەهۆی نەبوونی ڕێگەی سەلامەت و یاسایی گیان لەدەست دەدەن، ئەمە جگە لە نەبوونی میکانیزمی کاریگەری گەڕان و ڕزگارکردن بۆ ڕێگریکردن لەو جۆرە مردنانە و بێ هەڵوێستی حکومەتیش بەرامبەر بەو دۆخە.

 

فیرینا کناوس ئەوەشی خستەڕوو، منداڵان دەمرن، چونکە لە وڵاتەکانی خۆیاندا زۆر بێهیوا بوون، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە یونیسێف مەزەندە دەکات کە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ منداڵ لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، لە ڕاپۆرتەکەدا داوای کارکردن بۆ دروستکردنی ڕێگەی سەلامەت و یاسایی بۆ منداڵان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، هاوکات بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک لە دەریاکاندا کرا، ئەمە جگە لە چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی ئەو کێشەیە.