هۆشداری دەدرێت لەوەی کەمی ئاو لە عێراق دەبێتە هۆی کارەساتی هەمەچەشنەی زیندەیی

نەجلە موحسین وائلی لە وەزارەتی ژینگەی عیراق هۆشداری دەدات لەوەی، كێشەی كەمی ئاو دەبێتە هۆی كارەساتی "هەمەچەشنەی زیندەیی" لە وڵاتدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق بە تایبەت لە ناوچە زۆنگاوەکان کە بووەتە هۆی وشک بوون و بەبیابان بوون، چەندین مەترسی لەپێش چاوە کە یەکێک لەوانە هەمەچەشنەی زیندەییە.

 

هەمەچەشنەی زیندەیی بریتییە لە جۆراوجۆری شێوەكانی ژیانی زیندەوەران و سیستمی ژینگەیی لەسەر زەوی و ناو ڕوووبار و دەریاكان، عیراق بەیەكێك لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان لەو ڕووەوە ناسراوە ئەوەش بەهۆی جۆراوجۆری ژینگەكەی و زۆری گیاندار و باڵندە كۆچەرییەكان.

 

لەو بارەیەوە نەجلە موحسین وائلی، بەڕێوەبەری گشتی هونەریی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەمەچەشنەی زیندەیی ڕووبەڕووی كارەساتی ژینگەیی ڕاستەقینە بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی كەمی ئاوی ڕووبارەكان و زۆنگاوەكان و زەوییە تەڕەكان.


ئەوەشی خستووەتە ڕوو، چونكە هەمچەشنەیی ئاو و ئۆكسجینی تواوە كەمبووەتەوە و ئاوی سوێر زۆر بووە، بۆیە داوا لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو دەكەن كە چارەسەری خێرا بۆ كێشەی ئاو بدۆزێتەوە.