"با بودجە بۆ شەڕ خەرج نەکرێت بەڵکو بۆ گەل بێت"
لە تورکیا بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، ئەو بودجەیەی بۆ شەڕ تەرخانکراوە، بووەتە هۆی هەژاری، ئەو ژنانەی ناتوانن تەنانەت سەوزەش لە بازاڕ بکڕن، ڕایانگەیاند، لەگەڵ گۆڕینی حکومەت دۆخی ئابووری باشتر دەبێت.
مەدینە مامەدئۆغڵو
ئامەد- ڤەدات ئیشکهان، بەرپرسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کار لە تورکیا ڕایگەیاند کە کەمترین مووچە، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە بە ٢٢ هەزار و ١٠٤ لیرە مەزەندە دەکرێت، حکومەتی ئاکەپە لەبری وەرگرتنی داواکاری گەل و سەندیکاکان، مانگەکەی بە پێی داواکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان یەکلاییکردەوە. بەمەش لە ساڵی ٢٠٢٥دا "برسییەتی و هەژاری" بۆ خەڵک دێتە ئاراوە، هەروەها تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکەپە، سەبارەت بەم دۆخە وەک هەمیشە وتی: بۆ وڵاتەکەمان و گەلەکەمان لەسەر خێر بێت.
لە وڵاتێکدا کە خەڵک لە هەژاریدا دەژین، زۆرترین بودجە بۆ ناوچەکانی "بەرگری و ئاسایش" خەرج دەکرێت، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا یەک ترلیۆن و ١٣٣.٥ ملیار لیرە بۆ شەڕەکە دابین کراوە، هێشتا بودجەی تەرخانکراو بۆ شەڕی ساڵی ٢٠٢٥ ڕانەگەیەندراوە، ئەو هاوڵاتیانەی تەنانەت ناتوانن لە بازاڕیشدا لای بەقاڵەکان شت بکڕن، دەیانەوێت ئەو بودجەیە بۆ خەڵک خەرج بکرێت.
ژنانی ناو بازاڕی ئامەد قسەیان لەگەڵ کردین، کاردانەوەیان بەرامبەر بە قەیرانی ئابووری و هەژاری هەبوو، کە هەمیشە لە زیادبووندایە. ئەو ژنانە ئاماژەیان بەوەشکرد بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، خەڵکی وڵات لەسەر سنووری هەژاری ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام پارەی بێشوماریش بۆ شەڕ خەرج دەکرێت.
"تەنانەت ناتوانین لە بەقاڵیش شت بکڕین"
زەکیە شاهین کە بۆ بازاڕکردن هاتبوو سەرنجی بۆ قەیرانی قوڵ ڕاکێشا و باسی لەوە کرد، کە گەل برسییە و ناتوانن گۆشت بکڕن و وتیشی: ئێمە ٤٠ لیرەمان داوە بۆ دوو سێو. هیوادارم ئەوانەی ئەم قەیرانەیان بۆ دروست کردین، هەمان شت ئەزموون بکەن، چییان بۆ ئەم خەڵکە هێنا؟ لە ڕابردوودا دەمانتوانی هەموو شتێک لە بازاڕدا بە ١٠ لیرە بکڕین، ئێستا تەنانەت ناتوانی سەوزەی پێ بکڕیت، ئەم دۆخە بە شەڕ چارەسەر نابێت، بە ئاشتی چارەسەر دەکرێت، هەموو شتێک باشتر دەبوو ئەگەر ئەو پارەیە بۆ گەل خەرج بکرایە.
"با ئەو پارەیەی دەچێتە شەڕەوە بۆ خەڵک خەرج بکرێت"
شەنای ئاکشین باسی لەوە کرد کە چیتر ناتوانن هیچ شتێک لە بازاڕ بکڕن و وتی: زۆربەی ژنان تووشی ئەم قەیرانە بوون، چونکە هەموو شتێک لە ئێمە داواکراوە، منداڵەکانمان برسی بوون، هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ هەموو شت ئەوەندە گرانە، ئەگەر ئەم شەڕە ڕوونەدات، ئەگەر ئەم پارەیە نەچێت بۆ کڕینی چەک، دۆخەکە باشتر دەبێت. ئەگەر شەڕ نەبووایە قەیران نەدەبوو و کەسیش برسی نەدەبوو، هەموو ئەو کەسانەی دەیانناسین بێکارن، با ئەو پارەیەی کە دەیدەن بۆ شەڕ و تانک و تۆپ و پۆلیس و پاسەوان بیدەن بە خەڵک، ئەوان باجی ئەم شەڕە لە گەل وەردەگرن.
"داواکاری خەڵک دەبێت لە پێشینەی کارەکان بێت"
ڕۆژدا ئای ڕایگەیاند کە قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە هەیە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوو سێ جار لە بازاڕدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی شتێکی هەرزان بدۆزمەوە، بەڵام هیچ نییە، ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک نرخی هەموو شتێک زۆر بەرزە، دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە، ئەم وڵاتە چ پەیوەندییەکی بە شەڕەوە هەیە؟ مرۆڤ سەرەتا پێویستە چاودێری گەلەکەی بکات، هەروەک چۆن هەموو خێزانێک چاودێری خێزان و منداڵەکانیان دەکەن، دەبێت دەوڵەتیش گوێ لە خواستی گەل بگرێت.
"دەبێت حکومەت بگۆڕێت"
ئایفەر جان سەرنجی بۆ بارودۆخی ژیانی خانەنشینان ڕاکێشا و وتی: نرخی هەموو شتێک دوو هێندە زیادی کردووە، ئەگەر ئەمڕۆ ئەوەندە پارە بۆ شەڕ خەرج نەکرایە، بارودۆخ وا نەدەبوو، ئەگەر ئارامی هەبێت دۆخەکە دەگۆڕێت، کەس شایەنی ئەم ژیانە نییە، ئێمە شایەنی ئەم دۆخە نین، پێویستە بەم زووانە ئەم دۆخە بگۆڕێت، ئێمە نە باوەڕمان هەیە و نە هیوامان بە داهاتوو هەیە.
سەمرا کۆشکون یەکێکە لەو ژنانە، ئەزموونەکانی خۆی کورتکردەوە و وتی: تەنها دەتوانین سەوزە بکڕین، ناتوانین هیچی تر بکڕین.