هەزاران منداڵ لە زامبیا مەترسی بەدخۆراکی توندیان لەسەرە

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' هۆشداریی داوە کە نزیکەی ٥٢ هەزار کەسی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە زامبیا مەترسی بەدخۆراکی توندیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

زامبیا بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی کەمی بارانبارین و دروستبوونی وشکەساڵی، ئەمەش هەزاران منداڵی خستووەتە مەترسیی بەدخۆراکییەوە.

 

دوێنێ، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'یونیسێف' ئاماژەی بەوەدا نزیکەی ٥٢ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە زامبیا بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، ئەگەر لە ماوەی دوازدە مانگی داهاتوودا ڕێوشوێنی پێویست وەرنەگیرێت دۆخەکە خراپتر دەبێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، ئەم هەڵسەنگاندنە لە کاتێکدایە کە زامبیا بەدەست وشکەساڵییەکی درێژخایەن دەناڵێنێت، بەتایبەتی لە شارەکانی ڕۆژئاوا، باشوور، ناوەڕاست و باکووری ڕۆژئاوا، ئاماژە بەوە دەکات کە هەر چوار منداڵێک لە هەر دە هەرێمێک لە وڵاتەکەدا مەترسی بەدخۆراکییان لەسەرە، زۆرێک لە خێزانەکان ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و ناتوانن خۆراکی دابین بکەن.

 

ڕێکخراوەکە جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی خۆراک و هاوکاری بەسەر دایکان، منداڵان و فراوانکردنی دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی کردەوە.

 

سەرۆکی زامبیاش ڕایگەیاندووە، کەرتی کشتوکاڵ بەهۆی کەمی بارانبارینەوە وێران بووە، هەروەها زامبیا چەند هەفتەیەکە بارانبارینی بەخۆیەوە نەبینیوە، لە کاتێکدا جووتیاران زۆر پێویستیان بە باران هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبوومەکانیان.