فاشیستەکان هێرشیان کردە سەر ٢ منداڵی کچ لە ئەڵمانیا

لە شاری گرێڤسمولن لە ویلایەتی مەکلنبۆرگ-ڤۆرپۆمێرن لە ئەڵمانیا، کۆمەڵێک گەنج کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ گەنج دەبوو، هێرشێکی ڕەگەزپەرستانەیان لە دژی دوو کچی غانایی ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوی بەشی پۆلیسی ڕۆستۆکدا، ڕاگەیەندراوە، کە ٢ کچی غانای تەمەن ٨ و ١٠ ساڵ لەلایەن گروپێکی ٢٠ کەسییەوە لە شاری گرێڤسمۆلن هێرشیان کراوەتە سەر.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە کچە ٨ ساڵانەکە لە دەموچاوی دراوە، هەروەها گروپەکە شەڕیان لەگەڵ دایک و باوکی ئەو منداڵانە کردووە کە هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و باوکی منداڵەکانیش بریندار بووە، ئەوەش زانراوە کە کەسێک، کە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، لە کاتی جێهێشتنی ناوچەکەدا سووکایەتیی پێکردوون.

 

سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی مێکلنبۆرگ-ڤۆرپۆمێرن، مانوێلا شوێسیگ، لە لێدوانەکەیدا لە تۆڕی ئێکس، ڕایگەیاندووە، ئەو کچە تەمەن ٨ ساڵەی کە لە هێرشەکەدا بریندار بووە، لە ژێر چاودێری چڕدایە و دەشڵێت: "نابێت ڕێگە بدەین ڕق و توندوتیژی کۆمەڵگەکەمان ژەهراوی بکەن و هەڕەشە لە منداڵەکانمان بکەن".