مهاباد، پێشانگایەکی کاری دەستی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە

لە شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشانگایەک بۆ نمایشکردنی بەرهەمی دەستی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە.

نیان ئەحمەدی

 

مهاباد- هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، سێ دامەزراوەی پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی دەروونی و جەستەیی لە هۆڵی “وەحدە” لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگایەکی هونەری کاری دەستییان کردەوە.

 

لە پێشەنگاکەدا بەرهەمی زیاتر لە ٣٠ هونەرمەند، لە کاری دەستی و دروومان، تابلۆی زەیتی و ئەکریلیک و سێ ڕەهەندی تیادا  نمایش کرابوو.

 

گزنگ.س، یەکێکە لەو ژنانەی سەردانی پێشانگاکەی کردووە، سەبارەت بە کارە هونەرییەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێت: لە ڕاستیدا ناکرێت خاوەن پێداویستی وەک سنووردارکردنێک سەیر بکرێت، چونکە زۆرێک لەو کارە هونەرییانە بە شێوەیەکی داهێنەرانە و هونەری ئەنجام دراون و قسە لەگەڵ ڕۆحدا دەکەن، هیوادارم کۆمەڵگە زیاتر گرنگی بە دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بدات بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان پێشبخەن، بوونی پێشانگایەکی لەو شێوەیە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو نیشاندانی توانا جەستەیی و دەروونییەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

 

پێشانگاکە لە ٣ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.