لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە سکاڵا ئاڕاستەی دەستەی مافی مرۆڤ دەکرێت

مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی نوێیان هەیە کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە سکاڵا دەنێردرێت بۆ دەستەی مافی مرۆڤ و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکە دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە میانی مەراسیمێکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە شاری هەولێر، لە بارەی کردنەوەی فۆرمی ئۆنلاین بۆ تۆمارکردنی سکاڵا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، سکاڵای ئۆنلاین کار ئاسانییەکی زۆر دەکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و پێویست بە جووڵە و چوون بۆ هیچ نوسینگە و دامەزراوەیەکی ئەوان ناکات.

 

مونا یاقو باسی لەوەشکردووە، کە هەندێک کەس نەیاندەزانی بچنە نوسینگەکانیان لە شار و شارۆچکەکان، وتیشی: هەبوو خاوەن پێداویستی تایبەت بوو سکاڵای هەبوو، بەڵام ئێمە لەو شار و شارۆچکەیە نوسینگەمان نەبووە، ئێستا هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بێت، دەتوانێت لە مۆبایلەکەیەوە سکاڵا تۆمار بکات.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە دەستەی مافی مرۆڤ، کە ١٠ نوسینگەی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا هەیە، لای خۆیانەوە سەیری دەکەن و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، بەم ڕێگەیەش دەتوانرێت کار ئاسانی زیاتر بۆ هەموو تاکێک بکرێت بۆ گەیاندنی سکاڵاکانیان.