دژ بە یاسا توندەکانی ئێران لەسەر ژنان، سزاکانی سەر ئێران توندتر دەکرێن

ئێران بە یاسایەک زیاتر ژنان سنووردار دەکات، لەلایەکی دیکەوە پڕۆژە یاسایەک بە ناوی "ژینا ئەمینی" پێشکەشی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئێرانی و چڕکردنەوەی سزاکانی سەریان کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای سەرهەڵدانەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی، لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی تاران، لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢دا دەستیپێکرد، تا ئێستاش سەرەڕای ستەم و سەرکوتکردنی ڕژێمی ئیران، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پەرلەمانی ئێران، لە ئێستادا پڕۆژە یاسای "پاراستنی خێزان لەڕێگەی پەرەدان بە کەلتووری داوێنپاکیی و حیجاب" لە بەردەستی ئەندامان و لیژنەی یاساداناندایە و ئامادە کرێت بۆ کارنامەی پەرلەمان و گفتوگۆ کردن لەبارەیەوە، ڕەشنووسی یاسا نوێیەکە، لە ٧٠ ماددە پێکهاتووە و سزاکانی پەیڕەونەکردنی حیجابی زۆرەملێ توندتر دەکاتەوە و زیاتر لە جاران پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەکات.

 

ئەو یاسایە سەرجەم جومگەکانی وڵات، کە ژنان کاری تێدا دەکەن و ڕۆڵیان هەیە تێیدا، سنووردار دەکات و دەیانخاتە ژێر چاودێریی توند، بۆ نموونە لە خوێندنگە و زانکۆ و دامەزراوەکاندا سزای توند بۆ ئەو ژنانە دانراوە، کە پابەندی حیجابی زۆرەملێ نابن، هەروەها بابەتی پشتیوانی ژیانی ئیسلامی بۆ خێزان و ڕۆشنبیری داوێن پاکی و حجاب، لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا بۆ ژنان و کچان دابنرێت و زانکۆ و ناوەندی خوێندنی تایبەت بە ژنان بکرێتەوە.

 

ڕێگەی بە چالاکی کولتووری و ڕۆشنبیری ژنان نادرێت

لە بڕگەی پێنجەمی یاساکەدا ئاماژە بەو سزایانە دەکات، کە بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێندرێت پابەندی ئەو یاسایانە نین، پڕۆژە یاساکە داوای لە وەزارەتەکانی پەروەردە و زانست و توێژینەوە و تەکنەلۆژیا دەکات، ڕێسای دیسپلین و ڕێنماییەکانی بۆ شێوازی پۆشینی جلوبەرگ بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران دەربکەن.

 

جگە لەوەی وەزارەتی گەشت و گوزار و میراتی ڕۆشنبیری و پیشە دەستییەکان ئاگادار کراونەتەوە ڕێگە بە هیچ چالاکییەکی ژنان نەدەن، بێ پێدانی مۆڵەت هیچ چالاکییەکی کولتووری و ڕۆشنبیری ڕێکناخرێت و بەپێچەوانەشەوە، بەو یاسا نوێیە توندترین سزا دەدرێن.

 

پڕۆژە یاسای ژینا ئەمینی ئامادە دەکرێت

لەلایەکی دیکەوە، لە نوێترین هەڵوێستدا، مارکۆ ڕۆبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکان و ئەلێکس پادیلا، سیناتۆرێکی دیموکراتەکان، پڕۆژە یاسایەکیان بە ناوی "یاسای ژینا ئەمینی بۆ لێپرسینەوەی ئاسایشی و مافەکانی مرۆڤ" داوە بە کۆنگرێسی ئەمریکا و لەلایەن هەردوو پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان پشتیوانی زۆری لێدەکرێت.

 

پڕۆژە یاساکە بۆ سزادانی زیاتری ئێرانە و سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکات بەوەی، هەموو ٩٠ ڕۆژ جارێک ڕاپۆرتێکی ئاشکرا بڵاوبکاتەوە و بیدات بە کۆنگرێس، دەربارەی حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران، هەروەها سزاکانی تیرۆر و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سزاکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمیەکە بەسەر ئەم بەرپرسانە و دەزگاکانیان دەسەپێندرێت.