ژنانی مەغریب بۆ ئازارەکانی ژنان لە لوبنان و غەززە نامە بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان دەنووسن

چالاکوانانی مافی مرۆڤی مەغریبی نامەیەکیان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیشکیان خستە سەر ئازارەکانی ژنانی فەڵەستینی و لوبنانی لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بەڕێوەچوو، کە ئازارەکانیانی زیاتر کردو مافە سەرەتاییەکانیانی پێشێل کرد.

حەنان حارت

 

مەغریب- بۆردومانکردنی بەردەوامی هێزەکانی ئیسڕائیل، ئازاری ژنانی لە غەززە و لوبنان دوو هێندە کردووە، کە ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی پێناسەنەکراو دەبنەوە، ئەمەش قەبارەی کارەساتە مرۆییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە.

 

 چالاکوانانی مافی مرۆڤی مەغریبی نامەیەکیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ ئازارەکانی ژنانی فەلەستینی و لوبنانی، لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە هێزەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامیاندا کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ، هۆشدارییان دا لەوەی هەڕەشەکردن لە ناوچەکە بە شەڕێکی ناوچەیی ئەنجامێکی ترسناک و کارەساتباری دەبێت لەسەر توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی لەسەر ئەو ژنانەی کە تووشی لەدەستدانی ژیان، تەندروستی جەستەیی و دەروونی، بێبەشکردن، ئاوارەبوون بوون.

 

لە پەیامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو هەلومەرجە سەختەی کە ژنان لەژێر بارگرانی شەڕدا دەژین، ئاماژە بەوە کرا کە بەرپرسیارێتی زیادە لە بەخێوکردنی منداڵ و چاودێریکردنی خێزانەکاندا هەڵدەگرن، هەروەها دوو هێندە و ئاڵۆزتر بەدەست هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکارییەوە دەناڵێنن، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات و مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکات.

 

جەمیلە کرمومە، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی فیدراڵی بۆ مافەکانی ژنان وتی: هەمووان بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی فەڵەستین و لوبنان دەکەن و هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانە بەردەوامەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی بێ چەک کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، وەک ژنانی مەغریب و وەک تاکەکان، ئێمە لە ناوچە سەلامەتەکاندا دەژین، وێرانکاری و زیان لەناو هاوڵاتیانی مەدەنیدا بەجێدەهێڵێت.

 

"ناتوانین بێدەنگ بین"

ئاماژەی بەوەشکرد، لە فیدراسیۆنی کۆمەڵەی مافەکانی ژنان، ئێمە ئیسرائیل بە قەوارەیەکی داگیرکەر دەزانین کە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ناوچەکە دروست دەکات، پشتگیریکردن لە لوبنان و فەلەستین بە پشتیوانیکردن لە ماف دادەنرێت، کاتێک ژنان هەڵدەستن و ڕووبەڕووی ئەوە ببنەوە و پشتگیری خۆیان ڕابگەیەنن، ئامانجیش دابینکردنی پاراستنە بۆ نەوەکانی داهاتوو، فیدراسیۆن لە پرۆسەی پێکهێنانی تۆڕێکی مەدەنیدایە بۆ بەرگری و داکۆکیکردنە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەم شەڕە بەربەرییە، هەروەها هەوڵدەدات واژۆی نێودەوڵەتی کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی بیخاتە نێو ئەو نامەی ئیدانەکردنەی کە دەخرێتە ناوەوە بۆ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتیشی: ناتوانین بە بێدەنگی بمێنینەوە لە کاتێکدا دەبینین هەموو ئەم پێشێلکاریانە لەبەردەم جیهاندا ڕوودەدەن، و کەس هیچ ناکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد،"هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو شەڕەی کە هێزەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستین و لوبنان دەستیپێکردووە، لاوازە، لە کاتێکدا کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، هەروەها یاسا نێودەوڵەتییەکانی پشتگوێ خستووە، هەموو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ومیکانیزمەکانی مافەکانی مرۆڤ، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکرێن.

 

جەمیلە کرمومە داوای لە کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی و سەرجەم دەنگە ئازادەکانی جیهان کرد کە ئەم شەڕە ڕابگرن چونکە بەردەوامبوونی کاریگەری ترسناک لەسەر گشتی ناوچەکە بەجێدەهێڵێت، جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە هاودەنگی و خۆپیشاندان کردەوە، بۆ شەرمەزارکردنی هەموو تاوانەکان، و درێژەدان بە دژایەتیکردنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و لوبنان.

 

جێگای سەرنجە فیدراسیۆنی کۆمەڵەی مافی ژنان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنانی فەلەستین و لوبنان و هەموو گەلانی ناوچەکە کە لەژێر بارگرانی شەڕ و ململانێکاندا دەژین، ڕاگەیاند.