"بە یەکبوونمان خاکەکەمان بەدەستدەهێنین"

شانۆکاران و ڕۆژنامەنووسانی باشوور، هاوشانی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و ڕایانگەیاند، "کۆمەک و هاوکارییەکان یەکڕیزی گەلی کورد دەردەخات، بەمەش دەتوانین خاکەکەمان بپارێزین".

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ بە کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ ئەم مانگە، لەلایەن چەتەکانی تەحریر شام، هێرشە  هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. ئەمە لە کاتێکدایە بینیمان کە لە ساڵی ٢٠١٤دا گەل بە هۆی هێرشی چەتەکانی داعشدا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چۆن ڕوبەڕووی ئاوارەبوون بوونەوە. لەم مانگەدا تابلۆی کۆچ بۆ هاوڵاتییانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا دیسان دووبارە بووە، هێرش و ئاوارەبوون و دەستدرێژیش بەشێکێن لەم تابلۆیە. 

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتە بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. ماوەی چەندین ڕۆژە هاوڵاتیانی باشوور کوردستان داوای کردنەوەی دەروازەی سێمێلکا دەکەن، بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و ماددییەکان بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم دەروازەیە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داخراوە و تا ئێستاش نەکراوەتەوە.

 

 " لە ڕێگەی یەکبوونمانەوە هەوڵ بۆ بەدەستهینانی خاکمان دەدەین "

دیانا بۆزان، شانۆکار، وەک هاوڵاتییەک باس لە بارودۆخی کوردانی ڕۆژئاوا دەکات، دەڵێت: بارودۆخی ڕۆژئاوا لە ئێستادا لە جەنگێکی بەهێزدایە، هێرشەکان بەردەوام بۆ ناوچە کورد نشیینەکان و ناوچە خۆسەرییەکان بەردەوامە، هێرشەکان ماوەی چەندین ساڵە لە ڕۆژئاوادا بەردەوامی هەیە، ئاوارەبوونیان لە کاتی جەنگەکانی داعشدا، تا ڕۆژی ئەمڕۆمان لە لایەنی دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بەردەوام ڕوبەڕووی جەنگ دەبنەوە، سەرەڕای هەبوونی هێرش و جەنگ، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە ڕێگەی نەکردنەوەی سنوورەکانەوە جارێکی دیکە کوردان ڕوبەڕووی جەنگ دەکەنەوە. سەرەڕای بانگەوازی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و پشتیوانی کردنی هاوڵاتیان لە باشووری کوردستان بە هاوکارییە ماددی و مەعنەوییەکانیان، بەڵام لە کاتی ناردنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی سنووری سێمێلکاوە ڕێگری لە گەیاندنی دەکرێت، ڕێگریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان چەندین لێکەوتەی سیاسیی لە خۆ دەگرت.

 

ئەو هاوڵاتییە، ئاماژەی بەوەشدا، هاوڵاتییان بە گشتی زیانبەرکەوتووی جەنگەکان دەبن، بەڵام لە ناویاندا ژنان و منداڵان سەرەکیترین زیانبەرکەوتووی جەنگەکان دەبن، سەرەڕای هێرشکردن و گرتنی خاکی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی دەستگیرکردن و بازرگانی کردن بە ژنانەوە هەوڵ بۆ لەناوبردنی خاک دەدەن، وتیشی: لە جەنگەکاندا ژنان ڕوبەڕووی توندووتیژی دەروونی و جەستەیی و بازرگانیکردن دەبنەوە، هەروەها لەبەر بارودۆخی کەش و هەوا منداڵان بەرگەی هەبوونی سەرما و نەبوونی خۆراک ناگرن، ڕوبەڕووی چەندین ئاستەنگی و کاریگەری دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، بەشێک لەو منداڵانە بەهۆی نەبوونی خۆراک و سەرمای وەرزی زستاندا لە کاتی ئاوارەبوونیاندا شەهید دەبن.

 

دیانا بۆزان، لە کۆتاییدا وەک ژنێکی کورد پشتیوانی خۆی بۆ ژنان و هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا دەربڕی و وتی: پێویستە لە ڕێگەی هەبوونی هەڵوێستەکانمانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ کوردانی رۆژئاوا ڕابگەیەنین، من وەک ژنێک بەردەوام پشتیوانی لە ژنانی ئاوارەی سووریا دەردەبڕم، لە ڕێگەی یەکڕیزی و پێکەوەبوونمان هەوڵ بۆ ڕوبەڕووبونەوەی دوژمنان بدەین.

 

" پێویستە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە هەوڵ بۆ کردنەوەی سنووری سێمێلکا بدەن"

ئاڤێستا لاولاو، ڕۆژنامەنووس، باس لەوەدەکات، ڕۆژئاوای کوردستان بە درێژای مێژووەوە بەردەوام ڕووبەڕووی داگیرکاری بوەتەوە. ماوەی چەندین ساڵە گەلی کورد لە ناسەقامگیریدا ژیان دەکات، لە ناویاندا ژنان و منداڵان بە پلەی یەکەم کاریگەری جەنگەکانیان لەسەر دەردەکەوێت، لە کاتێکدا گەنجان و منداڵان بزوێنەر و بونیادنانی وڵاتەکەیانن، بەڵام لە ڕێگەی جەنگەوە دوژمنان کار لەسەر پەکخستنی تواناکانی گەنجان دەکەن، دەڵێت: هەبوونی جەنگەکان و گواستنەوەی بۆ بەر دیدی کۆمەڵگە ئەرکی ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنەکانە، ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە ڕێگەی ڕوماڵەکانمانەوە پێویستە ڕاستییەکان بۆ گەلی کورد و باشووری کوردستان بخەینە ڕوو، بەڵام بەشێک لە میدیاکانی دەسەڵات و لە ناویاندا میدیای پەدەکە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە هەوڵی چەواشەکاری و سەرلێشێواندنی کۆمەڵگەی کوردی دەدەن، هەواڵەکان بە ڕاستی و درووستی ناگەیەننە بەر دیدی بینەران.

 

"نەکردنەوەی دەروازەی سێمێلکا مەرگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت"

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەکرد، نەکردنەوەی دەروازەی سێمێلکا بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا مەرگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وتی: کردنەوەی سنوری سێمێلکا بەڕووی کورداندا تەنها ئەرکی چینێکی باشووری کوردستان نییە، پێویستە تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی و دروستکردنی فشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان هەوڵ بۆ کردنەوەی سنورەکە بدەن، بۆ ئەوەیکە هاوکارییەکان بگاتە دەستی کوردانی رۆژئاوای کوردستان

 

هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: یەکبوونی گەلی کورد لە کاتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەدی دەکرێت، سەرەڕای نەبوونی موچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی سێ مانگ لە باشووری کوردستاندا، بەڵام هاوڵاتیان بەردەوام خەریکی کۆکردنەوە و کۆمەکردنی گەلانی ڕۆژئاوان، ئەمە یەکڕیزی گەلی کورد دەردەخات، پێویستە هاوڵاتیان هاوخەمی ماددی و مرۆییەکانیان لە ڕێگەی کردنەوەی دەروازەی سێمێلکاوە بنێرن و هەوڵی کردنەوەی بدەن.