ئەژین عیماد: ئازایەتی ژنانی ڕۆژئاوا ئیلهاممان پێدەبەخشێت

ئەژین عیماد، چالاکوان و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، دەڵێت: ئێمە وەک ژنانی باشووری کوردستان لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوا دەوەستینەوە بۆ جیهانێکی دادپەروەرتر و یەکسانتر.

ئاڤزەم ڤیان

 

سلێمانی- ئەژین عیماد، ئەندامی ئاکادێمیای ژنۆلۆژی، سەبارەت بە ئاڵۆزیەکانی لە سووریا و بەرپرسیارتی ژنان بۆ نوژنها دوا و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکە کە سنوورە تەقلیدییەکانی تێپەڕاندووە. هەروەها تیشک دەخاتەسەر ئازادی ژنان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" تەنها دروشم نییە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، بەڵکو تێڕوانینی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەیە کە چەوساندنەوە لەسەر  بنەمای ڕەگەز تێکدەشکێت، ئەم شەڕەی سووریا، شەڕێکە کە ژنانی ڕۆژئاوا بۆ مانەوە و شکۆمەندی و داهاتوویەکی باشتر لەپێناو تاک و کۆمەڵگە تێکۆشانی بۆ دەکەن. ژنان سەلماندیان کە گۆڕانکاری دەکرێت، تەنانەت لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پڕاوپر لە ئاڵۆزی و مەترسییە. تێکۆشانی ئەوان ئیلهام بەخش بووه بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەها بۆ ئێمەش لە باشووری کوردستان کە هەوڵدەدەین ڕۆڵی ڕەگەزی نەریتی بشکێنین و ئایەندەیەکی گشتگیرتر بنیاد بنێین.

 

"داعش تەنیا هەڕەشەیەک نییە بۆ سەر ڕۆژئاوا"

ئەژین عیماد ئاماژە بەوەش دەکات و دەڵێت: لەگەڵ هێرشەکانی داعش، هێرشێکی نوێ بۆ سەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دەبینین، ئەمە تەنها هەڕەشە نییە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵکو هێرشە بۆ سەر هەموو ئەو دەستکەوت و نرخانەی کە شۆڕش پشتگیری دەکات. داعش هەمیشە جەستە، ماف و ئازادییەکانیانی ژنانی کردووەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا گرنگە لەوە تێبگەین کە داعش تاکە هەڕەشە نییە. هێزە ناوچەییەکان لە سووریا و زلهێزەکان بەرژەوەندی خۆیان هەیە کە زۆر جار هەوڵی ڕۆژئاوا بۆ مافی چارەی خۆنووسین پشتگوێ دەخەن، یان ڕاستەوخۆ لاوازی دەکەن، ئەم ئاڵۆزییەی دەسەڵات بارودۆخی ژنان لە ناوچەکەدا خراپتر دەکات، کە دەبێت لە یەک کاتدا لە چەند بەرەیەکدا شەڕ بکەن.

 

"ئازایەتی ژنانی ڕۆژئاوا ئیلهاممان پێدەبەخشێت"

ئەژین عیمان ئاماژە بەوە دەکات کە وەک ژنێکی خەڵکی باشووری کوردستان هەست بە پەیوەندییەکی قووڵ دەکات بەو تێکۆشانەی کە لە ڕۆژاوا بەڕێوە دەچێت و دەڵێت: ئێمە مێژوویەکی چەوساندنەوە و تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە بۆ ئازادی. بەڵام ئێمە ئەو ئاستەنگانەش دەبینین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. لە باشووری کوردستان خەباتی خۆمان هەیە بۆ یەکسانی و دادپەروەری بەڵام زۆر جار بە پێکهاتە نەریتییەکان و سیاسەتی سنوردار ڕێگریمان لێدەکرێت، ژنانی ڕۆژئاوا نیشانیان داوایین کە گۆڕانکاری دەکرێت، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا. ئازایەتی ئەوان هیوا و ئیلهاممان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ تێکشکاندنی پێکهاتەی پیاوسالاریی و بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان لە هەرێمەکەی خۆماندا  لە کوردستان. بەڵام ئێمە ئەوەش دەزانین کە تێکۆشانی ئەوان ناتوانێت لە خەباتی ئێمە جیابکرێتەوە. ئێمە بەشێکین لە هەمان چیرۆکی مەزن و سەرکەوتنی ئەوانیش هی ئێمەیە.

 

فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"بیرۆکەیەکی جیهانییە

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوەشدەکات کە، گرنگە لە باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی جیهان پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ژن بکرێت، وتیشی: پرس تەنها پێدانی پشتیوانی مەعنەوی نییە، بەڵکو هەڵسوکەوتی سیاسی و پراتیکی بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانیانە. بەرەنگار بوونەوەی داعش و هەڕەشەکانیتر تەنها بەرپرسیارتی ڕۆژئاوا نییە، ئەمە تەحەدایەکی جیهانییە و هەموومان ڕۆڵمان هەیە، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"بیرۆکەیەکی جیهانییە کە دەبێت ڕێنمایی هەموو ئەمانە بکات کە لەپێناو یەکسانی هەموو مافەکانی مرۆڤدا تێدەکۆشن.

 

ئەژین عیماد جەخت لەسەر بەرپرسیارتی ژنانی باشوور دەکاتەوە و دەڵێت: لە کاتێکدا هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و دادپەروەری لە زیادبووندایە، شۆڕشی ڕۆژئاوا وەبیرهێنانەوەیەکە کە بەرگری نەک تەنها گونجاوە، بەڵکو پێویستە ئێمە وەک ژنانی باشووری کوردستان لەگەڵیان بوەستین، نەک تەنها وەک چاودێر، بەڵکو وەک هاوشەڕ لە گەڕانێکی هاوبەش بۆ جیهانێکی دادپەروەرتر و یەکسانتر، بەرپرسیارێتی بە تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە دەبێت بەشێوەیەکی بەرز و ئەرکی ڕوونی دیاری بکرێت بە پەیوەندیدانان بە دۆخی ڕۆژئاوا، تایبەتی ژنان و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، حکومەتی هەرێم پێویستە بە شێوەیەکی ڕوون پشتگیری شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا بکات، ئەمە دەکرێت بە چالاک کردنی پەیوەندیدانانی کولتووریی، سیاسەتی و بە نرخ کردنەوەی دەنگ و هەستی ژنان. بێدەنگی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر داعش و مەترسیەکانی لە ڕۆژئاوا مەترسییە و بەرپرسیارتی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ڕوخساری و بەشداری سیاسەتی و دڵسۆزانە لە پەیوەندییەکان و گەمارۆکان بەکار بهێنێت بۆ پشتگیری تایبەتی ژنانی ڕۆژئاوا.

 

ئەژین عیماد لە کۆتایی قسەکانیدا باس لەوەش دەکات کە، ئەگەر بێدەنگی بەرامبەر ڕۆژئاوا بەردەوام بێت، دەکرێت دڵنیا بوونی هاوبەشی جیوپۆلیتیكی و خۆشناسی نەهێڵییەوە، کە ئەمە دەبێت شیکاری بکرێت.