"ئەقڵیەتی پیاوسالاری متمانە بە پێگەی سەربازی ژنان ناکات"

عەمید ڕێزان ڕەشید فەرەج، وتی: بەرگریکردنی ژنان لە خاک لە شاخەوە تا ئێستە بەردەوامی هەیە، بەڵام کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەردەوام ژنانی بە شیاوی پۆستێکی سەربازی سەیر نەکردووە.

هێلین ئەحەمەد

 

سلێمانی- لە تەواوی جیهاندا ئەقڵیەتی پیاوسالاری کاریگەری لەسەر پێگەی ژنان کردووە، جگە لە دوورخستنەوەیان لە لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لە بواری سەربازیشدا کەمترین پێگە دەدرێت بە ژنان و پێیان وایە پاراستنی چەکداری تەنها ئەرکی پیاوانە هەیە.  بەڵام لە بەرامبەر ئەم تێروانینەدا ژنانی کورد لە سەردەمە جیاوازەکاندا لە بواری سەربازیدا ڕۆڵی پێشەنگیان هەبووە و هەر لە پێشمەرگایەتی ژنان لە باشووری کوردستان، تا دامەزراندنی سوپای ژنان لە ڕیزەکانی گەریلا ئازادەکانی کوردستان و پێشەنگایەتی شەرڤانانی ژن لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا، ئەم بۆچوونەی سەراوژێر کرد و ڕایگەیاند، کە ژنان لە بواری پاراستنی چەکداریشدا دەتوانن پێشەنگایەتی شۆڕشەکان بکەن.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە خێزانەکانەوە ڕەنگی داوەتەوە"

ڕێزان ڕەشید فەرەج، عەمید لە هێزی سەربازی ژنان، باس لەوە دەکات، بوونی بڕیاری ١٣٢٥ی "ژن، ئاشتی ئاسایش"ی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێبەجێ کردنی بە کارێکی گرنگ و پێویست دەبیندرێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیەکانی ژنان لە کاتی جەنگ و دوای جەنگیشدا، لە بارەی توندوتیژییەکانەوە دەشڵێت: دەکردنی بڕیار و یاساکان پێویستیان بە لێپێچینەوە هەیە، بە تایبەت یاساکانی کوشتن و توندوتیژی ژنان، کاتێک ژنێک توندوتیژی و دەستدرێژی پاشان کوشتنی بەرامبەر دەکرێت، نەبوونی یاسایەکی تۆکمە ڕێگری لە کەمکردنەوەی کوشتنەکان دەکات، بڕیارەکان لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەچن و دەبێت یاساکان توندتر و بە زەبرتر بکرێت لە دادگاکاندا، لە دەرەوەی دادگاکانیشدا کۆمەڵگە هۆکارن بۆ بە پلە دوو کردنی ژنان لە بەرچاو ڕەگەزی بەرامبەردا، خێزانەکان و کاریگەری ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەسەر دایکان و باوکان، وایکردووە کچان وەک خزمەتکارێکی ڕەگەزی نێر بەکاربهێنرێت، خێزانەکان هۆکارن بۆ گەشەکردن و باڵاکردنی نێرسالاری لە خێزانەکاندا.

 

ئەو عەمیدە باسی لەوەشکرد، هەبوونی ئەو ئەقڵیەتە لە هێزە سەربازییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، بەرگریکردنی ژنان لە خاک و وڵاتیان لە شاخەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە، بەڵام کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەردەوام ژنانی بە شیاوی پۆستێکی سەربازی سەیر نەکردووە، وتیشی: بەهۆی شیاو نەبینینی ژنان لە پۆستێکی سەربازیدا ڕووبەڕووی چەندین هەڵسوکەوت و دژایەتی دەبێتەوە، هەبوونی پیاوسالاری لە ناخی پیاواندا بووەتە هۆکاری ئەوەی خۆی بە سەرکردە و لە پۆستی باڵادا ببینێتەوە، لە بەرامبەریشدا ژنێک نەتوانێت پۆستێکی سەربازی و دەسەڵاتداری پێ بسپێرێت، ئێمەی ژنان لە جێبەجێکردنی کاری سەربازیدا ڕووبەرووی دوو جۆر لە ئەقڵیەت دەبینەوە، بوونی پیاوانێک لە کاتی کارکردنمان ڕێز لە خۆمان و ئەرکەکەمان دەگرن، باوەڕیان بە هەبوونی تواناکانی ژنان لە هێزە سەربازییەکاندا هەیە و ڕەچاوی یاسایی سەربازی دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەی پیاوان پێیان قبووڵ نەکراوە کاتێک ژنان ڕوتبەکانیان بەسەر شانیانەوەیە ئەرکی سەربازیان بەرامبەریان جێبەجێ بکەن، باوەڕی بەو توانایە نییە کە ژنان هەیانە، تەنها دەیانەوێت خۆیان سەرکردایەتی بکەن، هەمان ئەو ئەقڵیەتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیشدا بەرامبەر ژنان لە پۆستە سەربازییەکاندا دەکرێت.

 

"ئەقڵیەتی کۆمەڵگە ژنان لە پۆستە سەربازییەکان قبوڵ ناکات"

ڕێزان ڕەشید فەرەج ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار بە هۆکاری جێبەجێکردنی یاساکان لە دامەزراوە سەربازییەکان، پیاوان ناچار دەبن یاساکانی ڕێزگرتن و قبوڵکردنی ژنان لە پۆستە سەربازییەکاندا پەسەند بکەن، وتیشی: بەشێک لە پیاوان لە بەشی سەربازییدا کارکردن لەگەڵ ژنان ڕەت دەکەنەوە، هەبوونی ژنان لە هێزی سەربازی بە گونجاو نازانێت، هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنان لە هەر پۆست و کارێکدا ببینن ڕەتیان دەکەنەوە، بێ ئاگا لەوەی ژنانیش پڕن لە توانای فکری و سەربازی و سەرجەم کایەکانی ژیانکردن.

 

ئەو عەمیدە لە کۆتاییدا وتی: پێویستە هۆشیاری تەواو بدرێت بە کۆمەڵگەی کوردی، دەبێت کوشتن و توندوتیژییەکانی ژنان لە ڕێگەی هۆشیارییەوە بەرەو کەمبوونەوە ببەین، لە ڕێگەی هەموو لایەنێکەوە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکان بدرێت، هۆشیاری لە پەروەردە و وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم پۆستەکانی دیکەدا بدرێت بە هاوڵاتیان، لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە سیمینار بۆ دایکان و باوکان و خوێندکاران ڕێکبخرێت، تا بتواندرێت چی دیکە ژنان لە کاتی ژیانکردنیان بە پلە دوو تەماشا نەکرێن.