پەیامی پشتیوانی ژنانی ئەفغانستان لە وریشە مورادی

ژنانی ئەفغانستان بە هەمان دەنگی ژنانی ئێرانی سەبارەت بە ئازارە باوەکانیان هاوار دەکەن کە بەدەست وەرەمی ئیسلامییەکانەوە دەناڵێنن.

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان- مێژووی ئێران بە خوێنی ئازادیخوازان و پێشکەوتنخوازان و نەتەوە چەوساوەکان و پێشەنگەکان، بە ژن و پیاو ڕەنگ کراوە و تا ئێستاش ڕژێمی خوێنمژ و فاشیستی ئاخوندی لە کوشتن و لەسێدارەدانیان، زیندان و ئەشکەنجەدان و زیندانی تاکەکەسی بۆ هۆکاری جۆراوجۆر و سزادان بە مردن کەڵک وەردەگرن. بناژۆخوازەکان بە هۆی سروشتی دواکەوتوویانەوە ژنان بە دوژمنی ژمارە یەک دەزانن و ئەگەر ئەو ژنانە لە ڕیزدا بن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، ئەوا ئاستی تاوان و چەوساندنەوەیان سەدان هێندە زیاد دەکات.

 

لەم ڕۆژانەدا هەواڵی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی خەوی هەموو ژنە هۆشیارەکانی تێکداوە و خوشکەکانی دیکەی ناو بەند و زیندانەکان وەک پەخشان عەزیزی و زەینەب جەلالیان و ئەوانی تر، ڕووی ڕاستەقینەی بناژۆخوازەکانی جۆری ئاخوندن، کە بە هاوکاری پیاوسالاری ڕۆژ بە ڕۆژ ژنانی ئازادیخواز دەکوژن و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

هەر بەو هۆیەشەوە چەند ژنێکی ئەفغانی دەنگی ناڕەزایی و هاودەنگییان بەرزکردەوە و ڕایانگەیاند کە ئێمە هەمیشە لەگەڵ ژنانی ئێرانین.

 

مینا عەسکەری چالاکوانی مافی منداڵان بە لێدوانێکی شیعریی دەستی بە وتارەکەی کرد و وتی: ڕژێمی ئاخوندی ئێران، لە کردەوەیەکی تاوانکاریدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ توێژەری کۆمەڵایەتی پەخشان عەزیزی و تێکۆشەری مافی ژنان وریشە مورادی دەرکرد، کە ساڵانێکی زۆرە لە زیندانی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارییە لەژێر ئەشکەنجە و چەوساندنەوەدان، بە مەبەستی کوژاندنەوەی دەنگی ئازادی و یەکسانی بەڵام ناتوانن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، مینا ئاماژەی بە بوێری و وەستانەوەی پەخشان عەزیزی کرد دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی، کە خۆڕاگرتر لە جاران بەردەوامە لەسەر ڕێگاکەی: "ئێمە لە مردن ناترسین، بەڵکو لە ژیانێک کە تێیدا بێشەرەف و کۆیلە بین، دەترسین، تاوانی ئێمەی ئەو ژنانەی کە سزای لەسێدارەدانمان بەسەردا سەپێنراوە، گرێدانمانە بە ژن، ژیان، ئازادییەوە".

 

مینا بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "ئێمەی ژنانی ئەفغانی وەک خوشکەکانی زەینەب جەلالیان، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و ژنانی دیکەی زیندانی، ئازارێکی هاوبەشمان هەیە، بۆیە هاوسۆزی خۆمان لەگەڵیان دەردەبڕین و داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئایدۆلۆژی ئەم ڕژێمە تاوانکارە دەکەین".

 

یەڵدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوانی مافی ژنان بەم شێوەیە دەستی بە قسەکانی کرد: "ئێران وڵاتێکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی کە دژی رژێمەکەین، خۆشبەختانە ژنان لە زۆربەی ئەو خەباتانەدا ڕۆڵێکی کارا و بەنرخیان هەبووە و تەنانەت لە بەشێک لەو بزووتنەوەیانەشدا پێشەنگایەتییان کردووە و خۆڕاگری و ئازایەتی ژنانی ئێران بووەتە نموونە بۆ تێکۆشەرانی دیکەی جیهان و بناژۆخوازان. دەبێ شەڕ بکەن و سەرکەون، مافەکانیان وەربگرن".

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە دامەزراندنیەوە، هەمیشە ئەو شۆڕشگێڕانی سەرکوت کردووە. وەک هەموومان دەزانین لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینا ئەمینیدا ژمارەیەکی زۆر گەنج و ژن دەستگیر کران و ڕەوانەی زیندان و ناوەندەکانی ئەشکەنجەدان کران، یان لەسەر ڕێگاکان تەقەیان لێکرا. لە ئێستادا زیندانەکانی ئێران پڕن لە ژنانی تێکۆشەر کە دەکرێ بە ناوەکانی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، زەینەب جەلالیان و سەدان ژنی دیکە ناویان ببەین، ڕژیمی خوێنمژی ئێران دادگای تایبەت بەڕێوە دەبات و ئەو تێکۆشەرانە بە تاوانی دژە ئیسلامی و یاخیبوون تۆمەتبار دەکات و هەناردەی مردنیان دەکات".

 

یەڵدا هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنە تێکۆشەرانی ئێران ڕاگەیاند: "وەک ژنێکی خەڵکی ئەفغانستان هاوسۆزی خۆم لەگەڵ ژنانی ئێران ڕادەگەیەنم و باوەڕم وایە ئێمەی ژنان دەتوانین دەست بە دەست و هاوئاهەنگ لە دژی حکومەتە نەزانەکان، دژە ژن و حکومەتە بناژۆخوازەکان تێکۆشان بکەین و سەرکەوتن بەدەست دەهێنین".

 

"بەهیوای سەرکەوتنی ژنان لە هەموو جیهان"

نیلوفەر شۆجاع، یەکێک لە ژنانی ناڕازیی پارێزگای ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، پەیامی هاودەنگی خۆی لەگەڵ ژنانی تێکۆشەری ئێران ڕاگەیاند: "من و خوشکە ئێرانییەکانم لە خاکێکدا دەژین کە بەناوی حیجابەوە، دژە ئیسلام و هەزار نەفرەتی تر ڕۆژانە بە ددانی تاڵیبان و ئاخوند پارچە دەبین. کاتێک هەواڵی لە سێدارەدانی وریشە مورادیمان بیست، پڕ بووم لە توڕەیی، لە دڵی خۆمدا گوتم بناژۆخوازەکان بە هەر جۆرێکەوە بیر لە سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و بە تایبەت ژنان دەکەنەوە. سزادانی پەخشان عەزیزی و هەزاران ژنی دیکە بە مەرگ بەس نییە، عەزیزێکی دیکەش لە ناوماندا بە مەرگ سزا دەدەن".

 

نیلوفەر لە کۆتایدا وتی: من وەک یەکێک لە ژنانی ئەفغانستان هاوسۆزی لەگەڵ هەموو خوشکە تێکۆشەرە ئێرانییەکانم دەردەبڕم، با لەبیرمان بێت کە بە لەسێدارەدانی ژنانی ئازا، ناتوانن بزووتنەوەی ژنانی ئێران بێدەنگ بکەن، ڕۆژێک دێت کە ڕژیمی فاشیستی ئێران فڕێ دەدرێتە زبڵدانی مێژووەوە.