بنەماڵەی جیهان تەها: بۆ ئەوەی مامۆستایان بێدەنگ بکەن جیهان تەهایان تیرۆر کرد

ەماڵەی مامۆستا جیهان تەها کە لە هەولێر تیرۆر کرا دەڵێن: دوو ساڵ لەمەوبەر مامۆستا جیهان لە هەولێر ڕفێندرا و لە ناوچەی بارزان تیرۆر کرا، دەسەڵاتدارانی هەولێر بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و تۆقاندنی مامۆستایان، مامۆستا جیهانیان تیرۆر کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دووساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی مامۆستا جیهان تەها تێدەپەڕێت، شەوی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، لە ڕووداوێکی سیناریۆ بۆ داڕێژراودا، جیهان تەها مامۆستای وانەبێژی ناڕازیی لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا، هەر دوای ڕووداوەکە بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند، کە مامۆستا جیهان تیرۆرکراوە.

 

جیهان تەها ساڵی ١٩٨٨ لە پارێزگای هەولێر و لە خێزانێکی مامناوەند لەدایک بووە، خوێندنی پەیمانگای هونەرە جوانەکان و کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی سینەمای لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر تەواو کردوە، بۆ ماوەی نۆ ساڵ وەک مامۆستای وانەبێژ بە گرێبەست دادەمەزرێت کە یەکێکە لە دەرچووانی ساڵی ٢٠١٤.

 

لە دووەم ساڵی تیرۆر کردنیدا، بنەماڵەی مامۆستا جیهان تەها ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دوو ساڵ لەمەوبەر مامۆستا جیهان نوێنەری وانەبێژانی هەولێر بە ڕۆژی ڕووناک لەناو جەرگەی هەولێر ڕفێندرا و لە ناوچەی بارزان و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و بەدڕندانەترین شێوە تیرۆر کرا، دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورە ئامادە نەبوون کامێراکانی چاودێری و ڕاپۆرتە پزیشکییەکە بخەنە بەردەم ڕای گشتی و بنەماڵەکەی.

 

'ئەرکی هەموو لایەکە ڕێگری لە بەردەوامبوون و تەشەنەسەندنی ئەم جۆرە ترسناکەی سیاسەت بگرین'

ئاماژە بەوەشکراوە، بەر لە گەیشتنی بنەماڵەکەمان لە ئەمریکاوە بۆ هەولێر تەرمی مامۆستا جیهان زۆر بەخێرایی بەخاك سپێردراوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی هەولێر بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و تۆقاندنی مامۆستایان و خەڵکی هەولێر مامۆستا جیهان تیرۆر كردووە و دوای تیرۆرکردنی، هەولێر بۆ هەمیشە خامۆش و بێدەنگ کرا.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، لە ئێستادا بە بێدەنگی تاوان و تیرۆر و ڕووداوەکان وون دەکرێن و بەئاسانی لەبیر خەڵک دەبیردرێنەوە، ئەمەش نیشانەی زەنگێکی مەترسیدارە و هەرێمی کوردستان بە ئاقارێکی زۆر خراپتردا دەبات، هەر بۆیە ئەرکی هەموولایەکمانە ڕێگری لەبەردەوام بوون و تەشەنەسەندنی ئەم جۆرە ترسناکەی سیاسەت بگرین.